ھەولێر باوەش بۆ ھەناری ھەڵەبجە دەكاتەوە
K24 - ھەولێر
لە شاری ھەولێر دووەمین فێستیڤاڵی ھەنار و بەرھەمە خۆماڵییەكانی دیكەی دەستیپێكرد، كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر جوتیار لە ناوچەكانی كوردستان بەشداریان كرد و ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتییانیش ئامادەی پێشانگاكە بوون و پێشوازیان لە بەرھەمە خۆماڵیەكان كرد.
بەشێك لەو جوتیار و باخەوانانەی بەشداریان كردووە رایانگەیاند، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئێستا گرنگییەكی تایبەت بە بەرھەمە خۆماڵییەكان دەدرێت و ئەمەش وادەكات بەرھەمی ناوخۆیی زیاد ببێت.
خەندە تەھا، یەكێكە لە خانمە دەستڕەنگینەكان و بەشداری لە فێستیڤاڵەكە كردووە، دروستکردنی شەربەت و سرکەی ھەنار بووەتە پیشەیی و سێ ساڵە بژێوی ژیانی لەسەر دابین دەکات، ئەو بە كوردستان24ی گوت: "ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە گرنگن، بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بە بەرھەمە خۆماڵییەكان بدرێت، وەك ئەوە وایە لە دوكانێكت ھەبێت و بەردەوام ئیشی تێدا بكەیت".
ھەنار پێکھاتەی سەرەکی فێستیڤاڵەکەیە و پڕفڕۆشتنی ڤیستیڤاڵەکەش بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەرھەمیی خۆماڵی ھەنگوین و گوێز و بنێشتی کوردی و گوڵ و خۆراکی جۆراوجۆر لە فێستیڤاڵەكە خرانەڕوو.
فێستیڤاڵی ھەنار و بەرھەمە خۆماڵییەكان بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ھەولێری پایتەخت بە رێنماییە تەندروستییەکان بەردەوام دەبێت، وەک جوتیار و باخەوانان باسی دەکەن، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بووەتە ھۆکارێک بۆ ساغ بوونەوەی بەرھەمیی خۆماڵی و ھاووڵاتییەکی زۆریش ئێستا روو لە کڕینی بەرھەمیی ناوخۆ دەکەن.