دادگای ئەوروپا بڕیاری لەبارەی ئەوانەدا، کە لە سووریا سەربازیی زۆرەملێیان رەتکردووەتەوە

دەتوانن بەو هۆیەوە داوای پەنابەری لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بکەن

K24 - هەولێر

دادگای باڵای یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا، ئەو کەسانە بەهۆی بەسەربازکردنی زۆرەملێ لە سووریا هەڵدێن، دەتوانن داوای پەنابەری لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بکەن.

دادگای دادی یەکێتیی ئەوروپا، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە (19-11-2020) بڕیاری دا، "بەسەربازکردنی زۆرەملێ، جۆرێکە لە دەربڕینی سیاسی، بۆیە پیاوێکی سووری کە بەهۆی رەتکردنەوەی ئەمە روودەکاتە ئەڵمانیا، بۆی هەیە داوای پەنابەری بکات".

دادگاکە کە لە لوکسمبۆرگە لە راگەیەندراوێکدا لەمبارەیەوە نووسیویەتی "لە حاڵەتی شەڕی چەکداریدا، بەتایبەتی لە شەڕی ناوخۆ و لەکاتێکدا هیچ رێگەیەکی یاسایی نییە بۆ رێگریکردن لە بەسەربازکردنی زۆرەملێ، ئەگەری زۆر هەیە دەسەڵاتداران دەستوەردەنە داوای رەتکردنەوەی بەجێگەیاندنی ئەرکی سەربازی و، وەکو کارێکی ئۆپۆزیسیۆنی سەیری دەکەن".

سووریا لە ساڵی 2011ـەوە بووەتە مەیدانی شەڕی ناوخۆیی و شوێنی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی وڵاتانی دیکە، دادگاکەی یەکێتی ئەوروپاش دەڵێ هەموو لایەنەکانی بەشدار لەو شەڕە، پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیان کردووە و بەردەوامیشن لێی.

بەپێی یاساکانی سووریا، هەر کوڕێکی گەنج تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ، دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتی سەربازی بکات و، بۆشی نییە رەتیبکاتەوە.

 

هـ.ر.