وەزیری تەندروستی راپۆرتێك لەبارەی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو

دەوامی قوتابخانەكان یەكێك لە تەوەرەكان دەبێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێك دەچێتە پەرلەمانی كوردستان و لەگەڵ لیژنەی تەندروستی تاوتوێی دۆخی تەندروستی دەكەن،و وەزیری تەندروستی راپۆرتێك لەبارەی رەوشی تەندروستی و كۆرۆنا بەتایبەتی دەخاتەڕوو.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "بەڕێوەبەرانی تەندروستی ھەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەشداری لە كۆبوونەوەی وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی تەندروستی پەرلەمان دەكەن، لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر رەوشی تەندروستی و ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرێت".

ھاوكات د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، لە كۆبوونەوەكەدا دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی لەسەر رەوشی تەندروستی بەگشتی و نەخۆشی کۆرۆنا دەخرێتەڕوو.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان لەو كۆبوونەوەیەدا تیشك دەخرێتەسەر ھەوڵەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ قۆناغی داھاتووی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان، یەكێك لە تەوەرەكانیش باسكردن دەبێت لەسەر بڕیاردان لە دەوامی قوتابخانەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە لەم ھەفتەیەدا لیژنەی باڵای كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و بڕیار لەسەر ئەوە بدات، كە دەوامی قوتابخانەكان دەست پێبكاتەوە یان راگرتنی دەوامی قوتابخانەكان درێژ بكرێتەوە.

لە كۆبوونەوەی رابردووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاردرا، بەشێوەیەكی كاتی دەوام لەسەرجەم پۆلەكان تا 1/12/2020 رابگیرێت.