‌بەشیر حه‌داد: كازمی به‌ڵێنی دا فه‌رمانبه‌ران بێ موچه‌ نه‌ھێڵنه‌وه

لیژنه‌ی دارایی داوای رێككه‌وتن له‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

لە سەر و بەندی ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021، گەرمترین قسە و باس لە پەرلەمانی عێراق پرسی پەیوەندییه‌ ئابوورییەکانی ھەولێر و بەغدایە. گوشارەکان کەوتوونەتە سەر حکومەتی عێراق تاکو لە چوارچێوەی دەستوور و بەپێی رێكکەوتنی ھەردوو حکومەت، کازمی پابەندی ناردنی بڕی 320 ملیاردیناری مووچەی مانگانەی فەرمانبەران بێت. ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێم لە بارەی مووچەی چوار مانگی فەرمانبەران نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ موستەفا کازمی کۆبوویەوە. کازمی رایگەیاندووە لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکانی شیعە، لە ھەوڵدایە تاکو دەستکراوە بێت، بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی ھەرێم.

بەشیرحەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: كازمی دانینا بەوەی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ده‌درێته‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌ پشكی خۆی كه‌متره‌ و پێویسته‌ پاره‌ی زیاتری پێبدرێت. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌وڵی جددی دان بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی بێت و مووچه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی پێویسته‌، بنێردرێت و به‌ڵێنیشی دا، كه‌ رێگه‌ ناده‌ن مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بێ مووچه‌ بمێننه‌وه‌.

پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە سووننە و شیعەکان لە پاش تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایی قەرزکردن بە بێ فراکسیۆنە کوردستانیەکان، بەردەوامن لەوەی رێگری بکەن لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و چەندین جار بە نوسراوی فەرمی، گوشاریان خستووەتە سەر خودی کازمی تاکوو ھیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی ھەرێم خەرج نەکرێت.

ھەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "زەرەرمەندی یەکەم دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانە، بە تایبەت فەرمانبەران و جوتیاران، بۆیە ئەرکی ھەردوو حکومەتە ھەست بەو بەرپرسیاریەتیە گەورەیە بکەن و پابەندی ئەرکەکانیان بن، ئەم راستییەش خراوەتە بەردەستی ھەردوو حکومەت، بۆیە پێویستە بە زووترین کات، ئەو خاڵانەی لە سەریانە جێبەجێیبکەن تاکو ئەو کێشەیە نەیەتەوە ناو پرۆژە بودجەی ساڵی 2021".

بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ھەوڵی ئەوەدایە لە ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو بڕی 320 ملیاردیناری مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە بکات، بۆیە ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە بەجۆرێک ئەو مووچەیە بۆ ھەرێم رەوانە بكات، کە پەرلەمانی عێراق و لایەنە سیاسیەکان تووشی گرفتی یاسایی نەکەن، پاشان لەگەڵ حکومەتی ھەرێم رێکەوتنێکی ریشەیی بکات، بۆ ئەوەی ساڵانە ھەمان کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم درووست نەبێـتەوە .