ئۆپنهایمه‌ر-ی ئێران بۆچی تیرۆركرا؟
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێران رایگه‌یاند كه زانا ئه‌تۆمییه‌كه‌یان له نیوه‌ڕۆیه‌كی زووی 27ی تشرینی دووه‌م له نزیك تاران له‌كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی‌دا كوژراوه.
موحسین فه‌خری زاده سه‌رۆكی پرۆگرامی ئه‌تۆمی سه‌ربازی ئێران جگه له ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی چێنراو به كه‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا، له چه‌ند لاوه ده‌ستڕێژی گولله‌ی ئاراسته كراوه.
له خۆرئاوا هه‌میشه فه‌خری زاده به یۆلیۆس رۆبه‌رت ئۆپنهایمه‌ر-ی ئێران وه‌سفده‌كرا كه زانایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكییه و هاریكاری دروستكه‌ری بۆمبی ئه‌تۆمییه له ساڵی 1945، بۆیه به گرنگترین زانای ئه‌تۆمی له ئێران داده‌نرێت.
كه‌ناڵی ئێن بی سی نیوز له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی دوێنێ شه‌و-دا وتی: "فه‌خری زاده له‌لای خۆرئاواییه‌كان به عه‌قڵی نه‌خشه‌دانه‌ری به‌رنامه‌ی نهێنی چه‌كی ئه‌تۆمی ئێران داده‌نرێت كه له‌ساڵی 2003 وه‌ستێنرا. و ئێرانیش هه‌میشه ئه‌وه‌ی ره‌تكردۆته‌وه كه به‌رده‌وام بێت له پێشخستنی به‌رنامه‌كه وه‌ك چه‌كی ئه‌تۆمی".
هه‌رچه‌ند خوله‌كێك دوای رووداوی كوژرانی -زاده- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له رێگه‌ی تویتێكه‌وه نووسی: "تیرۆریستان زانایه‌كی گه‌وره‌ی ئێرانی-یان كوشت"
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف ده‌ڵێت: "ئه‌مه ترسنۆكییه-له‌گه‌ڵ ئاماژه‌ی جددی له‌سه‌ر رۆڵی ئیسرائیل- جه‌نگێكی نا‌ئومێد كه له تاوانباران ره‌چاوده‌كرێت".
هه‌روه‌ها ئێن بی سی نیوز ده‌ڵێت: "ئێران داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی- به‌تایبه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا- كه واز له دووڕوویی شه‌رمنانه بێنن و ئیدانه‌ی ئه‌م كاره تیرۆریستییه بكه‌ن كه ده‌وڵه‌تی تیرۆریستی پیاده‌ی ده‌كات".
وته‌بێژێك به ناوی بنیامین نه‌تانیاهۆ -ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل وایلێكدایه‌وه كه ئێران سه‌رچاوه‌ی دوژمنكارییه. ئێن بی سی نیوز په‌یوه‌ندی به نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیله‌وه كرد، به‌ڵام هیچ توانجێكیان له‌سه‌ر قسه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران نه‌بوو.
ئێن بی سی داوای له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كۆشكی سپی و CIAیه‌وه كرد لێدوان له‌وباره‌یه‌وه بده‌ن، به‌ڵام هیچیان نه‌بوو ده‌رباره‌ی هه‌واڵه‌كه.
هه‌روه‌ها وته‌بێژی پێنتاگۆن ره‌تیكرده‌وه له‌وباره‌یه‌وه لێدوان بۆ ئه‌ی بی سی نیوز بدات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ وه‌ك ره‌فتاری هه‌میشه‌یی، به‌رامبه‌ر رووداوه‌كه خۆی رانه‌گرت و شێری تویتێكی یوسی میلمان رۆژنامه‌نووسی ئیسرائیلی، كرد كه ده‌رباره‌ی كوشتنی فه‌خری زاده بڵاویكردبۆوه.
موحسین فه‌خری زاده له‌ناوچه‌ی ئیبسارد-ی سه‌ر به شاری ده‌ماوه‌ند تیرۆركراوه كه 40 مایل له خۆرهه‌ڵاتی تارانه‌وه دووره‌و ناوچه‌یه‌كی تایبه‌ته به نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران.
هه‌رچه‌نده تا ئێستا هیچ لایه‌ك به‌رپرسیارێتی خۆی رانه‌گه‌یاندووه به‌رامبه‌ر رووداوه‌كه به‌ڵام به‌رپرسێكی هه‌واڵگری پێشووی ئه‌مه‌ریكی بۆ ئێن بی سی نیوز وتی "فه‌خری زاده به‌رپرسێكی گرنگه و جێگه‌ی پڕنابێته‌وه بۆ ئێران وه‌ك چۆن قاسم سوله‌یمانی -یان بۆ پڕنابێته‌وه".
وتیشی: "زاده گرنگه نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی كاراییه‌كی هونه‌ری و مه‌عریفی ئیداریی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌بوو به‌ڵكو گه‌وره به‌رپرسانی ئێران باوه‌ڕێكی له‌راده‌به‌ده‌ریان پێی هه‌بووه، له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه رابه‌ری باڵا ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌یی". وتیشی: "هه‌روه‌ها كوشتنی فه‌خری زاده ده‌رخه‌ری ته‌واوی ئه‌و راستییه‌یه كه توانای ئێران له‌سه‌ر پاراستنی نهێنی و ئاسایش ته‌واو لاوازه و توانای نه‌ماوه".
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌ك له CIA ئه‌وه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی زه ته‌له‌گراف ئاشكراكردووه كه له‌ساڵی 2007ه‌وه پێنج زانای ئێرانی تیرۆر‌كراون به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی له رێگه‌ی ماتۆرسكیل یان دانانی بۆمبی چێنراو، كه دواترینیان فه‌خری زاده-یه كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ری و كاتێكیش به برینداری گه‌یه‌ندراوه‌ته نه‌خۆشخانه نه‌توانراوه ژیان بهێنرێته‌وه به‌به‌ریدا و به‌به‌رچاوی ژن و مناڵه‌كانییه‌وه گیانی ده‌رچووه.
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست له‌ژماره‌ی ئه‌مڕۆ 28ی تشرینی دووه‌م نووسیویه‌تی: "فه‌خری زاده كه‌سێتییه‌كی ئاڵۆز، بۆ ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژه ئامانجی ژماره (1)ی مۆساد بووه كه پێده‌چێت و باوه‌ڕوایه ئه‌گه‌رێكی فراوان هه‌بێت له‌پشت ئه‌و زنجیره كرده‌وه تیرۆریستییانه‌وه كه زانایانی ئه‌تۆمی ئێران له‌ماوه‌ی رابردوودا كراونه‌ته ئامانج".
هه‌روه‌ها به‌پێی لێدوانی مامۆستایه‌كی ئه‌كادیمی له زانكۆی ئیمام حوسێن له ناوه‌ڕاستی تاران كه بۆ رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز دواوه، ده‌ڵێت: "ئێران هه‌میشه رازی نه‌بووه به داواكانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم-ی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه رێگه به چاودێره‌كانی بدات بانگهێشتی فه‌خری زاده بكات و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن".
ئه‌و مامۆستایه وتویه‌تی: "زاده- كه‌سێكی ئه‌كادیمی بوو به‌ڵام به‌پێی زنجیره‌یه‌ك راپۆرتی نهێنی كه درێژترینیان ساڵی 2007 له‌لایه‌ن CIAه‌وه له‌سه‌رده‌می جۆرج ده‌بلیو بۆش ئاماده‌كرابوو تێیدا هاتووه رۆڵی ئه‌كادیمی بۆ رووپۆشكردنه ئه‌گینا كاری ئه‌و له‌وه گرنگتره".
هه‌ربۆیه له‌ساڵی 2008 ناوی خراوه‌ته‌وه ناو لیستی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا بڕیاری سڕكردنی بۆ ده‌ركردن.
له هه‌مان ساڵدا چالاكییه‌كانی له چوارچێوه‌یه‌كی نهێنیدا نه‌مایه‌وه به‌هۆی ئاشكراكردنی كاره‌كانی له‌لایه‌ن گه‌وره به‌رپرسێكی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئیسرائیل-ه‌وه.
ئێران هه‌میشه ره‌تیكردۆته‌وه كه هه‌وڵی ده‌ستكه‌وتنی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌دات و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه به‌رهه‌مهێنانی مادده‌ی ئه‌تۆمی بۆ مه‌به‌ستی كاری ئاشتی به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام ئۆپه‌راسیۆنی ئیسرائیل له‌ساڵی 2018 گه‌نجینه‌یه‌كی پڕ له فایلی نهێنی ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی پلانی عه‌مد (ئامد-Amad) خسته‌ڕوو كه هه‌وڵ و توانای ئێران ده‌رده‌خات بۆ به‌ده‌ستگه‌یشتنی چه‌كی ئه‌تۆمی به‌ده‌ر له 20 ساڵ و به‌شی زۆری به‌ڵگه‌كان ئیمزا و ده‌ستنووسی فه‌خری زاده-یان پێوه‌بوو.