شێوازێكی نوێی فێڵكردن له‌ هاووڵاتییان ئاشكرا دەكرێت

ھاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە خۆیان لەو جۆرە مامەڵانە بپارێزن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئێستا لە لایەن کۆمەڵە کەسانێکەوە بانگەشەی ئەوە دەکرێت، کە مامەڵە بە دراوی  بلۆککراو دەکەن، بە جۆرێک ئەو کەسانە دەڵێن ئەگەر کەسێک 5 ھەزار دۆلاریان پێبدات ئەوان 10 ھەزار دۆلاری بلۆک کراویان بۆ دەھێنن و ساختەش نییە، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراویش ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە کە خۆیان لەو جۆرە مامەڵانە بپارێزن.

ھاوکار رەحمان، خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوە لە سلێمانی ئەو بە كوردستان24ی گوت: "ئەو جۆرە مامەڵەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی بۆ دەكرێت و لە ھەندێك كافتریا مامەڵەكە دەكرێت، بەڵام بەھیچ شێوەیەك ئەو پارەیە نایتە بازاڕی دراو، لەبەر ئەوەی پارەكە ساختەیە نەك بلۆك كراو، پارەی بلۆك كراو لە بانك بلۆك دەكرێت".

روونیكردەوە: "ئەم جۆرە مامەڵەیە جۆرێكە لە فێڵكردن و ساختە، خەڵك ھەڵدەخەڵەتێنن پێیان دەڵێن 5 ھەزار دۆلارمان پێبدە ئێمە 10 ھەزار دۆلارت دەدەینەوە، رەنگە جاری یەكەم پارەكە كێشەی نەبێت، بۆ ئەوەی متمانەیان پێ بكرێت، بەڵام بە بێگومان جاری دواتر ساختەیە، مامەڵەكە جۆرێكە ساغكردنەوەی پارەی ساختە".

شارەزایەکی بواری دارایی دەڵێت، دۆلاری دیکە بە شەدەیی کەپس دەکرێت، بەڵام ئەو دۆلارەی کە بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرێت بلۆک کراوە، بە 10 ھەزار دۆلاری تاکی کەپس دەکرێت، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە بڕێک لەو دۆلارە ساختەیە، ئامۆژگاری ھاووڵاتییان دەکات خۆیان لەو جۆرە مامەڵانە بپارێزن.

جەبار گۆران، شارەزایی دارایی دەڵێ: "پێویستە ھاووڵاتییان ئاگاداربن، ئەگەر پارەكە كێشەی نییە ئەو كەسانە بۆ خۆیان ناڕۆن لە بازاڕی دراو بیگۆڕنەوە".

ئەم جۆرە مامەڵانە وەک خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو باسی دەکەن، ساڵانی رابردوو لە وڵاتانی دیکە کراوەو ئێستا ھەندێک کەس لە ھەرێمی کوردستانیش دەستیان داوەتە ئەم کارە، بە تایبەت لەو شوێنانەی کە وەک ناوچەکانی درەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ناو دەبرێن و بۆشایی  ئەمنی ھەیە.