دوا بڕیار له‌باره‌ی ده‌وامی ناوه‌نده‌كانی خوێندن راگه‌یه‌ندرا
K24- هه‌ولێر:
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌و بڕیارانه‌ی تا 1ی 12 له‌باره‌ی ده‌وامی خوێندن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان درابوون، تا مانگی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بن.
ئه‌م گوتانه‌ی جوتیار عادل، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هاتوون و گوتی: له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا تا 7ی مانگی داهاتوو كار به بڕیاری راگرتنی ده‌وامی قوتابخانه‌كان بكرێت.
جوتیار عادل جه‌ختی كرده‌وه: هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی سه‌باره‌ت به ده‌وامی خوێندن له قوتابخانه، زانكۆ و په‌یمانگه‌كان درابوون كه ماوه‌كه‌یان تا 1ی ئه‌م مانگه دیاری كرابوو، تا 7ی مانگی داهاتووش كاری پێده‌كرێت و خوێندنی قوتابیانی بنه‌ره‌تی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی به راگیراوی ده‌مێنێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوای هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان، له 7ی مانگی داهاتوو جارێكی دیكه لیژنه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه كۆده‌بێته‌وه و دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی راپۆرتی خۆی له‌باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی پێشكه‌ش ده‌كات، لیژنه‌ی ناوبراو هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخه‌كه ده‌كات، ئینجا بڕیارێكی دیكه له‌و باره‌یه‌وه ده‌دات، ئه‌مه‌ش وه‌ك دووپاتیكرده‌وه، له‌پێناو پارێزگاریكردن له ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی مامۆستایان، قوتابیان و فه‌رمانبه‌رانی سه‌ر به هه‌ردوو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده.
جه‌ختیشیكرده‌وه، به‌گوێره‌ی راسپارده و رێنماییه‌كانی راپۆرتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، هێشتا دۆخی ته‌ندروستی به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر كۆنترۆڵدا نییه و پێویسته رێكاره‌كانی خۆپارێزی له په‌تای كۆرۆنا به‌رده‌وام بن و توندتریش بكرێن، له هه‌مان كاتدا پێویسته تیمه‌كانی چاودێری له كاری چاودێریكردنی دۆخه‌كه به‌رده‌وام ده‌بن.
H.B