یەكێتی ئەوروپا خەریكی بەرفراوانكردنی سزاكانە دژ بە توركیا

یۆنان ئەو سزا نوێیانە بە كەم دەزانێت
ئاڵای یەكێتی ئەوروپا و توركیا
ئاڵای یەكێتی ئەوروپا و توركیا

K24 – ھەولێر:

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، "مەزندە دەكرێت یەكێتی ئەوروپا سبەی بەرفراوانكردنی لیستی سزاكان دژ بەو قەوارە و بەرپرسانی توركیی رابگەیەنێت، ئەوانەی دەستیان لەو كاری كنە و پشكنینانە دایە ئەوەی وڵاتەكەیان لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ئەنجامی دەدات.

ئاژانسەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیكردەوە لەوەی چاوخشاندنی بە رەشنووسی راگەیاندراوی كۆتایی لوتكەی سەركردەكانی یەكێتی ئەورپاییدا كردووە، كە بڕیارە سبەی ئەنجامبدرێت. بەپێی ئەو رەشنووسەی راگەیاندراوەكە، دەوڵەتانی ئەندام لە یەكێتییەكەدا رەزامەندبوونە لە گرتنەبەری رێوشوێنی سزدانی نوێ دژ بە توركیا، بەپێی بنەمای ئەو لیستەی سزاكان، كە لە ساڵی 2019 پەیڕەو كراوە.

بەپێی رۆیتەرز بەڵگەنامەكە، "ئامادەیی یەكێتی ئەوروپای پیشانداوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لیستی رەش بەرفراوان بكرێتەوە لە كاتی پێویستدا. گوتیشی: سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا؛ ئەگەر رەوشەكە باش نەبێت، لەوانەیە لێكۆڵینەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر بكەن دژ بە ئەنقەرە لە لوتكەی داھاتوویاندا، كە بڕیارە لە ئاداری داھاتوودا ئەنجامبدرێت.

ئاژانسەكە  ھەندێك دیپلۆماتكاری گواستووەتەوە، كەوا جەختیانكردووەتەوە لەوەی یۆنان ئەو سزا نوێیانە بە كەم دەزانێت و ھێشتا دانوستان لەسەر رەشنووسی راگەیاندراوەكە بەردەوامە.

یۆنان سوورە لەسەر ئەوەی ئاوی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، كە توركیا كاری كنە و پشكنینی تێدا ئەنجامدەدات، بەشێكە لە لێواری كیشوەری خۆی و قوبرس.

سەرچاوە: "رۆیتەرز"