لەدوای خۆپیشاندانی لایەنگرانی ترەمپ، پێنج کەس بە سەختی بریندارکران

خۆپیشاندانی گەورە شارە گەورەکانی ئەمەریکای گرتەوە
خۆپیشاندانی گەورە شارە گەورەکانی ئەمەریکای گرتەوە، وێنە: AFP
خۆپیشاندانی گەورە شارە گەورەکانی ئەمەریکای گرتەوە، وێنە: AFP

K24 - هەولێر

چوار کەس بە چەقۆ و کەسێکیش بە گوللـە لەدوای ئەو خۆپیشاندانانە بریندارکران، کە لایەنگرانی ترەمپ لە شارە گەورەکانی ئەمەریکا بۆ پاڵپشتی لە سەرۆکی ئەمەریکا سازیانکرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەرچەندە لە هەڵبژاردنی 3-11-2020ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا شکستی هێناوە، بەڵام دەڵێ لەو هەڵبژاردنەدا ساختەکاری کراوە، بۆیە هێشتا دانی بە دۆڕانیدا نەناوە، ئەو کەسانەی لایەنگریشین، دوێنێ لە چەندین شاری گەورەی ئەمەریکا خۆپیشاندانیان کرد بۆ پاڵپشتیکردن لێی.

لە زۆربەی خۆپیشاندانەکان، شەڕ لەنێوان لایەنگرانی ترەمپ و ئەوانەی لەدژیان خۆپیشاندانی پێچەوانەیان دەکرد، شەڕ دروستبوو.

لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا، بەگوتەی دۆگ بوچانان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی ئاگرکوژێنەوە و باری لەناکاو "چوار کەس چەقۆیان لێدراوە و بردراونەتە نەخۆشخانە، برینەکانیشیان زۆر سەختە"، هەروەها رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاند "23 کەس دەستگیرکراون بەدرێژایی رۆژەکە".

لە خۆپیشاندانەکەی واشنتن، هەزاران کەس لە لایەنگرانی ترەمپ هاتنە سەر شەقامەکان، دوای ئەوەی رۆژی هەینی، دادگای باڵای ئەمەریکا رەتیکردەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەتبکاتەوە، ئەمەش رەنگە دوایین شانسی ترەمپ بووبێت بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە.

شەڕ و رووداوی هاوشێوە، لە خۆپیشاندانەکانی هەریەک لە ئۆڵیمپیا، ئەتڵەنتا، سانت پاوڵ، مینیسۆتا و شارە بچووکترەکانی وەک نیبراسکا، ئالەباما و چەندین شوێنی دیکە روویاندا، بەپێی ئاژانسە فەرەنسییەکە.

خۆپیشاندەرانی لایەنگری ترەمپ، بەشێکیان گومانیان هەیە "لە دەستوەردانی دەرەکی" و بەشێکی دیکەیان دەڵێن "ملیۆنان دەنگ کە بە ترەمپ دراون، سڕدراونەتەوە، لەکاتێکدا دەنگی کاندیدانی دیکە دەستکاری نەکراون و رەتنەکراونەتەوە".