كوتله‌ی به‌در هۆشداری ده‌داته كازمی
K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن شاكر كه‌عبی، سه‌رۆكی كوتله‌ی به‌دری سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پابه‌ندی خشته‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان نه‌بێت، ئه‌وا په‌رله‌مان هه‌ڵوێستێكی زۆر توندی ده‌بێت.
له لێدوانێكدا بۆ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "مه‌علومه" كه‌عبی گوتی: "عێراق هێزی ئه‌منی، سوپا و حه‌شدی شه‌عبیی هه‌یه و ده‌توانێت خۆی كۆنترۆڵی خاكه‌كه‌ی بكات و دواتریش هیچ پێویستییه‌كمان به هێزی بیانی له‌ناو وڵاته‌كه‌مان نییه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق كه‌مته‌رخه‌می له خشته‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان بكات به‌تایبه‌ت هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وا په‌رله‌مان هه‌ڵوێستێكی زۆر توندی ده‌بێت".
سه‌رۆكی كوتله‌ی به‌در جه‌ختیشیكرده‌وه، "پێویسته حكومه‌تی مسته‌فا كازمی خشته‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان ئاماده بكات و رێگه نه‌دات چیتر ئه‌و بابه‌ته دوا بكه‌وێت و درێژه بكێشێت".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، چه‌ندین جار ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندووه، بوونی هێزه‌كانیان له‌ناو خاكی عێراق له‌سه‌ر داواكاری حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌یه و له‌كاتێكدا بووه، كه رووبه‌رێكی زۆر فراوانی خاكی عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه داگیركرابوو، به‌مدواییانه‌ش چه‌ندین جار دووپاتیكردووه‌ته‌وه، هێزه‌كانیان به‌یه‌كجاری له عێراق ناكشێننه‌وه.
ده‌شگوترێت: ئێران به‌رده‌وام داوا له لایه‌نه شیعه‌كان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی فشاره‌كانیان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران چڕ بكه‌نه‌وه، تاوه‌كو حكومه‌ت ناچار به ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكییه‌كان بكه‌ن.
H.B