رووسیا خۆی گەیاندە سنووری سووریا-عێراق

ئێران دوو مەرجی ھەبوو بەرامبەر بە بڵابوونەوەی ھێزەكانی سەر بە رووسیا لە ناوچەكەدا
سوپای سەر بە رووسیا لە ئەلبوكەمال
سوپای سەر بە رووسیا لە ئەلبوكەمال

K24 – ھەولێر:

گرووپركانی سەر بە مۆسكۆ چوونە گوندی ئەلبوكەمال لە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژھەڵاتی سووریا، ئەمە یەكەم گەیشتنی سەربازی رووسیایە بۆ سنووری عێراق لەوەتەی دەستوەردانی راستەوخۆی كردووە لە كۆتایی ساڵی 2015.

روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ دوێنێ رایگەیاند. " فەیلەقی پێنج، كە لەلایەن رووسیاوە پشتیوانی دەكرێت، لە چەند خاڵێكی سنووری لە نزیك ناحیەی ئەلبوكەمال، لە رۆژھەڵاتی دێرەزوور بڵاوبوونەوە".

روانگەكه‌ ئاشكراشیكرد، "ئەو فەیلەقە ھەندێك پێگەی لە لایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێران رادەستكراوە" لەوانە "بزووتنەوەی نوجەبا"، "حزبوڵڵای عێراقی" و "ئەلئەبدال" لە ئەنجامی رێككەوتنێكی نێوان مۆسكۆ و تاران، كە بەشێوەیەكی تەواو روون نەبووه‌تەوە.

سەرچاوەكان جەختیشیانكردووەتەوە لەوەی ھێزەكانی رووسیا، پێش ھەفتەیەك بارەگایەكیان لە ناوەندی شاری ئەلبوكەمالی ژێر كۆنترۆڵی میلیشیاكانی ئێران كردووەتەوە.

ھەر دوێنێ رامی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە بارەگاكەی لە لەندەنە لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەنالی "سكای نیوز"ی ئیماراتی رایگەیاندبوو، ئەو ھەنگاوەی رووسیا جێبەجێكردنی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتییە و دەبوایە لە حوزەیرانی رابردوویەوە لە نێوان رووسیا، ئەمەریكا و ئیسرائیلدا جێبەجێبكرێت بە كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە لە لایەن رووسیاوە یاخود رێگادان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دژ بە ھێزەكانی ئێران لە ناوچەی ئەلبوكەمال.

گوتیشی: پێدەچێت رووسیا سەركەوتوو نەبووبێت لە كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە و ناچار بووە ئەندامانی فەیلەقی پێنج بە سەركردایەتی ئەفسەرە رووسیایەكان لەسەر سنووری نێوان سووریا و عێراق بڵاو بكاتەوە.

ئاشكراشیكرد، "فەیلەقی پێنج" كە پارەداركردن و پڕچەككردنی لە لایەن رووسیاوە دەكرێت، شوێنەكانی بزووتنەوەی "نوجەبا" ، "حزبوڵڵای عێراق" و چەند بزووتنەوەیەكی دیكەی سەر بە ھێزەكانی ئێرانییان گرتە دەست.

جەختیشیكردەوە لەوەی مەرجێكی ئێرانی ھەیە بۆ بڵاوكردنەوەی ھێزەكانی "فەیلەقی پێنج" ئەویش بەردەوامیدانە بە كرانەوەی رێگای تاران – بەیرووت. بەڵام ئەمە یەكەم بڵاوبوونەوەی لەم جۆرەی ھێزەكانی سەر بە رووسیایە لە سەر سنووری نێوان سووریا و عێراق لەوەتەی ھاتووەتە خاكی سووریا.

گوتیشی: مەرجێكی دیكەی ئێران بۆ بڵاوبوونەوەی ھێزەكانی سەر بە رووسیا لە سەر سنووری سووریا و عێراق، رووسیا ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ بكات، ئیسرائیل ھێرشی ئاسمانی نەكاتە سەر ھێزەكانی سەر بە ئێران لەو ناوچەیەدا.

تەواوی ناوچەی نێوان مەیادین و ئەلبوكەمال لە ناوچە گوندنشینەكانی دێرەزوور و ناوچەی نێوان رۆژھەڵاتی حمس تا ئەو ناوچەیە ھەمووی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە ئێران، كە خاوەن رەگەزنامەی سووریایین.