لەبارەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەك لە سلێمانی روونكردنەوە دەدرێت
K24 – سلێمانی
چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە كە نەخۆشی گەڕی لەناو منداڵانی سلێمانی سەریھەڵداوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی رەتیدەكاتەوە ئەو نەخۆشییە نوێ بێت و دەڵێ "نەخۆشییەكە چەندین ساڵە ھەیە و مەترسیدار نییە".
د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو نەخۆشیەی باس دەكرێت گەڕی نییە، بەڵام لەناو كوردەواری وا دەگوترێت، نەخۆشییەكی میكرۆبییە، كاتێك منداڵ تووش دەبێ پەنجەكانی خوورانی زۆری دەبێت و سوور دەبێتەوە، ھەندێ جار مل و سەریش دەگرێتەوە، بەڵام ئەو نەخۆشییە مەترسیدار نییە وسەدان ساڵە ھەیە، ئەو كەسانەی تووشی ئەم جۆرە نەخۆشییە دەبن، زۆر كەم پێویست دەكات سەردانی نەخۆشخانە بكەن، لە دەرەوەی نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن".
گوتیشی: "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر كەمیكردووە، نەك تازە بڵاوبووبێتەوە یان زیادیكردبێت، ئەگەر زۆریش بێت ئاساییە، چونكە چارەسەرەكەی ئاسانە و مەترسیدار نییە، بۆیە پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات".