با بۆ ساتێك بیربكەینەوە

Kurd24

كات، دوا كاتژمێرەكانی ساڵی 2020ە. ساتێك بیردەكەینەوە و بە هێمنی رادەمێنین: تابلۆیەكی ئاڵۆز دەبینین، شەمشەمەكوێرەیەك بەڵایەكی جیهانی دەنێتەوە و دونیا وێكدێنێتەوە. لەو لاشەوە، شەڕی یەكترسڕینەوە و كوشت و كوشتاری بێ‌ ئامان، جەستەی هەزاران مرۆڤی بێگوناه دەهاڕێ‌ و ملیۆنان كەس دەربەدەر و سەرگەردان و برسی دەكات.

پرسیار ئەوەیە: دەسەڵاتدارانی تورك بۆچی لە لیبیا و سووریا و عێراق خەریكی داگیركارین. ئێران، بۆ دەست دەخاتە كاروباری یەمەن و لوبنان و سووریا و عێراق و ئاژاوەیەك دەنێتەوە، نە سەری دیارە و نەبن؟.

دەسەڵاتدارانی عێراق بۆچی چێژ لە برسیكردنی گەلی زوڵملێكراوی كورد دەبینن و مەبەستیانە مێژووی نەهامەتییەكان دووبارە بكەنەوە؟ شوێنكەوتووانی ئایین و ئایینزاكان، بۆچی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە و رشتنی خوێنی یەكتر بە حەڵاڵ دەزانن؟ كورد بۆچی خۆبەخۆ، كار بۆ دۆڕانی یەكتر و ناشیرینكردنی یەكتر، دەكات؟ بۆچی مرۆڤەكان لەسەر مێشوولەیەك یەكتر دەكوژن و تاوانی گەورە ئەنجامدەدەن.

بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئایا مرۆڤ ناتوانێت، نەهێڵێت ئەوە رووبدات؟ یان رێگە لەو هەموو كارەساتە مرۆییە بگرێت؟ ئایا هۆشیاری مرۆڤ لەو ئاستە دانییە بزانێت بەرژەوەندی مرۆڤ لە شەڕ و توندوتیژی دانییە؟ ئەی بۆچی ئەقڵ و لۆژیك ناخاتە كار و واز لە رۆحی شەڕەنگێزی ناهێنێت. 

هەندێك رووداوی سرووشتی هەن لە دەرەوەی دەسەڵات و ئیرادەی مرۆڤەوەن. زۆر قسە لە بارەی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی بەو خێراییە، بە سەرتاسەری دونیادا ناكەین، كە بە درێژایی ئەو ساڵە، تەنگی بە مرۆڤایەتی هەڵچنی و ژیانی ئیفلیج كرد.

راستە، ئەو ساڵانەی كورد لە سایەیدا بە ئارامی ژیاوە، زۆر كەمن، لێ‌ ساڵی 2020 نەك تەنها كورد، بەڵكو هەموو مرۆڤایەتی رووبەڕووی كارەساتێكی چاوەڕواننەكراو بووەوە. چ لەوە ناخۆشتر هەیە، ساڵێك بە دیار هەڵوەرینی ژیانی زۆر ئازیز دابنیشیت و هیچ دەسەڵاتێكیشت بەرامبەر هۆكارە كوشندەكەی نەبێت.

نازانم چەند لۆژیكییە، ئایا رێی تێناچێت دیدگا و تێگەیشتن و مامەڵەمان بگۆڕین، خۆ ئەگەر ناكۆكی و ململانێكان، بەجۆرێكی تربن، دەسەڵاتداران و مرۆڤەكان بە گشتی، هەموو هەوڵ و تەقەڵاكانیان بۆ ژیانێكی باشتر بێت، ویژدانیان بجوڵێ‌ و فیداكاریی بنوێنن، بەهای مرۆڤبوون بخەنە پێش هەموو شتێكەوە، دروشمی هەموومان "مرۆڤین و پێویستیمان بەیەكتر هەیە" هەڵبگرین، بەدڵنیاییەوە، دونیا بە بەرگێكی دیكە خۆی دەنوێنێت.

من تەنها دیوی نەرێنی مرۆڤ نابینم، دیوی جوانیش دەبینم. لە هەموو باروزرووفێكدا، رووبەڕووی دوو وێناكردنی نموونەیی دەبینەوە، هەروەك لەو ساڵە دژوارەدا، نموونەگەلی باڵای مرۆڤبوونمان، لە بەخشین و بەتەنگەوەچوون و یارمەتیدانی یەكتر، بەدیكردن، لە بەرامبەریشدا نموونەگەلی تا ئاستی دڕندەیی و ئەوپەڕی قێزەونی.

سرووشتی بینین و خوێندنەوەكان وایە، پێویستە جیاوازییەكانی نێوان سەردەمێكی خراپ و سەردەمێكی چاك، یان ساڵێكی خۆش و ساڵێكی ناخۆش، یاخود كەسێكی خراپ و كەسێكی باش ببینین؟ پرسیار ئەوەیە: ئایا ساڵێكی خۆش هەر ئەوەیە، بە هەر شێوەیەك بێت، بژیت؟ چاكی ئەوەیە تۆ توندوتیژ نەبیت، یان دزی و خیانەت لە میللەتەكەت نەكەیت؟. زۆر كەس ئەوە بە شانازی دەزانن، كە توندئاژۆ نین، یان خیانەت و دزیان لە گەلەكەیان نەكردووە. ناتوندئاژۆیی و گەندەڵنەبوون، جێی شانازی نین، كەسێك (خائین و گەندەڵ) نەبێت، خێرێك نییە بە میللەتەی دەكات، خۆ لە بنەڕەتدا، مرۆڤ بۆ توندڕەوی نەخوڵقاوە، خیانەتنەكردن و گەندەڵنەبوون، بنەمای ژیان و مرۆڤبوونن. باشبوون، ئەركە، نەك خراپبوون.

بەداخەوە نەك هەر لە وڵاتی ئێمە، بەڵكو لە سەرتاسەری دونیادا، دیمەنە ناشیرینەكان، وێنە شێواو و كردەوە خراپەكان زۆر زیاترن، لە وێنە راستەقینە و جوانەكان، ئەوانەی رۆڵی تێكدان و خراپەكاری دەبینن، گەلێك زیاترن لەوانەی خاوەنی فیداكاریی و بەهای بەرزی مرۆڤایەتی و چاكەخوازین.

چاوی زۆربەی جیهان لە سۆنگەی بەرژەوەندییەكان، دونیا دەبینێت و لە ئاست زوڵم و زۆری سەر دەیان میللەتی غەدرلێكراو، نووقاون، سەركردە و دەستڕۆیشتوانی وڵاتان، ئەو هەموو توندوتیژی و وێرانكارییەی لێرە و لەوێ‌ روودەدات، نادیدە دەگرن، لێ‌ بانگەشەی پاراستنی شكۆی مرۆڤبوون و ئازادیی میللەتان دەكەن.

لە بنەڕەتدا، مافە سرووشتییەكانی مرۆڤ، (خزمەتگوزاریی سەرەتایی، ئازادی و دادپەروەریی، ئاسایش و پەروەردە و گەشەپێدان)، موڵكی هیچ رژێمێك نین، تا بە ئارەزووی خۆیان بە ئەم و ئەو ببەخشن، گەلانێك، یان گروپێكی بچووكتر خاوەنی بن و ئەوانی تر، لێی بێبەش بن. ئەو مافە سرووشتیانە، بەخششی خودان، كەس بۆی نییە بۆخۆیان بە رەوا و بۆ ئەوانی تر بە خێر و سەدەقە بزانێت. لێ‌ بەداخەوە، ئەوانەی سەركردایەتی جیهانیان لەدەستدایە، بە پێوەری بەرژەوەندییەكانیان مامەڵە دەكەن.

ئەگەر هەمووان واز لەو خوە كلاسیكییە بهێنن و لە بیركردنەوە و سیاسەت و حوكمڕانیدا، گۆڕانێكی گشتی بەدیبێت، هیچ نەبێت دەتوانرێت، هەندێك لە نەهامەتییەكان كەمبكرێنەوە.