زەوی و ئاسمانی عێراق دەشێوێت

بۆ یادی كوژرانی سولەیمانی و موھەندیس شیعەكان گردبوونەوەی فراوان ئەنجام دەدەن
ئەندامێكی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق لە بەغدا - فۆتۆ: فرانس پرێس
ئەندامێكی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق لە بەغدا - فۆتۆ: فرانس پرێس

K24 – ھەولێر

لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس، شیعەكان خۆپیشاندان رێكدەخەن و ھێزە ئەمنی و سەربازییەكانیش لەسەر زەوی و ئاسمانەوە چاودێری دۆخەكە دەكەن.

چەند رۆژێكە شیعەكان لە عێراق و ئێران بۆ یادكردنەوەی كوژرانی ئەو دوو سەركردەیەی ئێران و حەشد دەستیان بە ئەنجامدانی چالاكی كردووە، دوێنێش تا درەنگانی شەو ژمارەیەك لە شیعەكانی عێراق لە شوێنی كوژرانیان لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا دروشمیان دژی ئەمەریكا دەگوتەوە.

ھێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق لە بەغدا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە زەوی و ئاسمانەوە چاودێری دۆخەكە دەكەن، چونكە پێشتر چەند گرووپێكی میلیشا ھەڕەشەی ئەوەیان كردبوو لەم رۆژەدا تۆڵەی سولەیمانی و موھەندیس دەكەنەوە، ھێزە ئەمنییەكانیش ترسی ئەوەیان ھەیە ھێزەكانی ھاوپەیمانان و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بكرێتە ئامانج.

ده‌زگای هه‌واڵگری و ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگه‌یاندووه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ شاری به‌غدا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

له‌ راگه‌یەندراوێكی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراقدا هاتووه‌ "ئێمە بەردەوامین لە بڵاوەپێکردنی ھێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ رێگه‌گرتن له‌ هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو له‌ ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا ئاماژه‌ بەوەكراوە، به‌شێك له‌ هێزه‌كانیان بۆ پاراستنی نێرده‌و باڵیۆزخانه‌كانی وڵاتان، دابینكردووه‌. پێشتریش مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندبوو "رێگه‌ به‌هیچ پێشێلكاری و پاساوێك ناده‌ین كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بێت بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی عێراق".

ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەھدی موھەندیس جێگری دەستەی حەشدی شەعبی تێدەپەڕێت، كە لە 3/1/2020 لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمەریكا كرانە ئامانج و كوژران.