مەحما خەلیل: دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی شنگال پەكەكە تەنھا بارەگا و جلەكانیان گۆڕیوە

جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە تاكوو ئێستا رووكەشییە
پەكەكە لە شنگال تەنھا بارەگا و جلی خۆیان گۆڕیوە
پەكەكە لە شنگال تەنھا بارەگا و جلی خۆیان گۆڕیوە

K24 – ھەولێر:

قائیمقامی شنگال، مەحما خەلیل، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاشكرایكردووە، ئەو گۆڕانكارییانەی دوای رێككەوتنی مێژوویی شنگال ھاتوونەتە ئاراوە تەنھا رووكەشین.

مەحما خەلیل بە ئاژانسی "سپۆتنیك"ی راگەیاندووە، "خۆشحاڵین بە رێككەوتنی مێژووی شنگال وپێشوازیی لێدەكەین، ھیوادارین بەشێوەیەكی درووست جێبەجێبكرێت".

روونیشیكردەوە، "جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە تاكوو ئێستا رووكەشییە و ھێشتا پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە شنگال ماون و تەنھا بارەگا و جلوبەرگیان گۆڕیوە".

خەلیل داوایكرد "ئەو ھێزە ناعێراقیانە لە شنگال دەربكرێن، كە لە دەستووردا رێگاپێدراو نین و دەستوور رێگا لە ھەبوونیان دەگرێت لەسەر خاكی عێراقدا، مەگەر بەرێككەوتن بێت".

ئاماژەشیكرد، "ژمارەی ئەو ئێزدییە ئاوارانەی گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان لە قەزای شنگال تاكو ئێستا كەمترە لە 20% بەنزیكەی 18%ە.

قائیمقامی شنگال ھۆكارەكانی نەگەڕانەوەی تەواوی ئێزدییە ئاوارەكانی گەڕاندەوە بۆ "ھەبوونی ئەندامانی پەكەكە لەو ناوچەیە، ناكۆكییەكانی سیاسی، كەمی خزمەتگوزاری و ناكارایی ئیدارەكە لە ئەنجامدانی ئەركەكانی بەھۆی دەستوەردانی پەكەكە و حەشدی شەعبی لە كارەكانیاندا".