داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم خۆی رێكخستووه‌ته‌وه‌

حكومه‌تی عێراق له‌ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی له‌و ناوچانه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌
پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌كاتی چاودێریكردنی ناوچه‌ی بۆشایی ئه‌منی له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك، وێنه‌: كوردستان24
پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌كاتی چاودێریكردنی ناوچه‌ی بۆشایی ئه‌منی له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك، وێنه‌: كوردستان24

K24- كه‌ركووك:‌

لە سەرەتایی ساڵی نوێوە جووڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچە كوردستانیيەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان زیادیان کردووە و له‌و ناوچانه‌ زیاتر لە 10 جار په‌لاماری هێزەکانی عێراقیان داوە، داعش لە ناوچەکانی باشووری کەرکووك بەتایبەت لە سنووری داقوق به‌شه‌و هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

له‌كاتێكیشدا بۆشاییه‌كی ئه‌منی زۆر فراوان له‌و ناوچانه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كاندا درووست بووه‌ و به‌ سه‌دان كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت و هیچ هێزێکی لێ نییە و بووه‌تە شوێنی جموجۆڵی چەکدارانی داعش، نوری حه‌مه‌ عه‌لی، به‌رپرسی میحوه‌ری كه‌ركووكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: تا ئێستا پێشمەرگە چەندین جار پێشنیازی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی له‌و ناوچانه‌ بە حکومەتی عێراق داوە، بەڵام تا ئێستا لایەنی عێراقی تەنیا کات به‌فیرۆ ده‌دات و ئامادە نین لەگەڵ پێشمەرگەدا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبکەنەوە.

زیادبوونی چالاكییه‌كانی داعش له‌و ناوچانه‌ و چڕبوونه‌وه‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا، ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ بۆ ئه‌مساڵ خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه‌، بەجۆرێك تەنیا لەماوەی یەك هەفتەدا لە سنووری ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم لە (10) شوێن پەلاماری هێزەکانی عێراقیان داوە. ناسر هه‌ركی، په‌رله‌مانتار عێراقیش گوتی: لێژنەی ئاسایش و به‌رگری له‌ پەرلەمانی عێراق پێشنیازی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی بە حکومەت داوە، بەڵام تا ئێستا کار بە راسپاردەکانیان نەکراوە.

پێده‌چێت هێرش و پەلامارەکانی ئه‌م دواییه‌ی داعش ئامانجی دیکەی لەپشته‌وه‌ بێت، چونکە زۆربەی كرده‌ چه‌كدارییه‌كانیان لە سنووری گوندە کوردیەکانی باشوور و رۆژئاوای کەرکووك ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئەمەش بووه‌تە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی ئەو سنوورە.

H.B