باڵیۆزی ژاپۆن جەخت لە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەشەپێدانی ئابووری دەکاتەوە

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاکیرا ئەندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، پابەندبوونی ژاپۆنی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابووری و کولتوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
لە چاوپێکەوتنە تایبەتەکەدا، کە بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی ژاپۆن ساز کارا کە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ژاپۆن ڕۆژی پێنجشەممە لە هەولێر ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، باڵیۆز تیشکی خستە سەر پڕۆژەکانی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان و جەختی لە گرنگیی بەردەوامی هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.
نوێکردنەوەی پابەندبوون بە هاوبەشی
لە یادی ڕۆژی نیشتمانیی ژاپۆن، باڵیۆز ئێندۆ، جەختی لە پابەندبوونی ژاپۆن بە ئاشتی و سەقامگیریی لە هەموو جیهان کردەوە و تیشکی خستە سەر دۆستایەتییە درێژخایەنەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە.
ئاکیرا ئەندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق ڕاشیگەیاند "ئێمە وەک دۆستێکی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان و وەک لایەنگرێکی بەها گشتگیرەکان، پێمان خۆشە ئیرادەی خۆمان نوێ بکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لەگەڵ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی ئارام و ئاوەدان".
هەروەها باڵیۆز ئێندۆ ڕۆشنایی خستە سەر گرنگیی ڕۆژی نیشتمانی ژاپۆن کە یادی لەدایکبوونی ئیمپراتۆر ناروهیتۆ دەکاتەوە. وەکو 126هەمین ئیمپراتۆری ژاپۆن، شای پایەدار هێمای میراتی کولتووری و مێژوویی بەردەوامی ژاپۆنە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 2600 ساڵ لەبەوبەر.
قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان
باڵیۆز ئێندۆ دەستپێشخەرییە بەرفراوانەکانی پەرەپێدانی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بەتایبەتی لەڕێگەی پڕۆژەی ژێرخانی ئابورییەوە کە لەلایەن پرۆگرامی قەرزی یەنی ژاپۆنەوە پارەدار دەکرێت، لە ساڵی 2003ەوە ژاپۆن وەبەرهێنانی لە کەرتە سەرەکییەکاندا کردووە، لەوانە کارەبا، دابینکردنی ئاو، ژێرخانی ئاوەڕۆ، بە پڕۆژەی چەند ملیۆن دۆلاری کە ئاستی ژیانیان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر کردووە.
پڕۆژە تەواوکراوەکان بریتین لە:
1- پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبا (120 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 2018 تەواو بووە)
2- پڕۆژەی باشترکردنی ئاو (351 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 2022 تەواو بووە)
3- پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی دێرێلوک (186 ملیۆن دۆلار، نزیکە لە کۆتاییهێنان)
4- پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ (288 ملیۆن دۆلار)
5- پاڵپشتی کەرتی پەروەردە (قوتابخانەی دوستەپەی بنەڕەتی و ئامادەیی لە هەولێر کە شێوازی خوێندنی شێوازی ژاپۆنی لەخۆدەگرێت - ڕۆژی پێنجشەممە دەکرێتەوە)
ئەم دەستپێشخەرییانە کە لە ڕێگەی ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنەوە (JICA) ئاسانکارییان بۆ کراوە، ژێرخانی ئابووری بۆ کوردستان بونیات دەنێن، لە هەمان کاتدا پرۆسەی گواستنەوەی تەکنەلۆژیا لە ڕێگەی کۆمپانیا ژاپۆنییەکانەوە بۆ کوردستان بەرەوپێش دەبەن، باڵیۆز ئاماژەی بەوەدا کە مۆدێلی پارەدان لەلایەن کۆمپانیای JICA ڕێژەی سوودی کەمتر و ماوەی گەڕاندنەوەی درێژخایەن پێشکەش دەکات، ئەمەش وایکردووە ببێتە ڕێبازێکی گەشەپێدانی بەردەوام بۆ هەرێمی کوردستان.
پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی ژاپۆن و گەلی هەرێمی کوردستان
لە دەرەوەی هاوکاری ئابووری، ژاپۆن چالاکانە پەیوەندییە کولتووری و پەروەردەییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێدەدات، باڵیۆز تیشکی خستە سەر ڕۆڵی خۆبەخشی نێودەوڵەتی یاماگاتا (IVY)، کە ڕێکخراوێکی ناحکوومی ژاپۆنییە و پاڵپشتی ئاوارە و پەنابەرانی کردووە، لە هەمان کاتدا لە ساڵی 2014 ەوە 37 قوتابخانەی لە عێراق نۆژەنکردووەتەوە.
خاڵێکی بەرچاو لەم هەوڵەدا، دەستبەکاربوونی قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی دوستەپەیە لە هەولێر کە لە رۆژی پێنچشەممە 27ـی شوبات دەکرێتەوە، قوتابخانەکە لەلایەن ڕێکخراوی IVY دروستکراوە، وشێوازی وانەوتنەوە بە شێوازی ژاپۆنی لەخۆدەگرێت کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی کوالێتی پەروەردەیە لە هەرێمی کوردستان.
باڵیۆز ئەندۆ جەختی لەوە کردەوە: "بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕ لە نێوان خەڵکی ژاپۆن و خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە قووڵکردنەوەی لێکتێگەیشتنی یەکتر"، باڵیۆز ئاماژەی بەوەشکرد، ژاپۆن هێشتا ئارەزووی بەهێزکردنی زیاتری ئەم پەیوەندییانە دەکات لەڕێگەی دەستپێشخەرییە کولتووری و پەروەردەییەکانەوە.
بەردەوامی هاوکاری لە داهاتوودا
لە ساڵی 2017ەوە کە ژاپۆن کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر کردەوە، بەردەوام بووە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باڵیۆز ئێندۆ پابەندبوونی ژاپۆنی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هەردوو وەبەرهێنانی کەرتی گشتی و تایبەتەوە.
لە کۆتاییدا باڵیۆز گوتی: "لە ئێستادا ولە ئایندە، ژاپۆن وەک هاوبەشێکی بەهێز و کاریگەرانەی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە" ،باڵیۆز جەختی لە دیدگای درێژخایەنی ژاپۆن کردەوە بۆ گەشەکردن و خۆشگوزەرانی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ نەوە گەنجەکانی.
"ژاپۆن و هەرێمی کوردستان بە مێژووی هاوکاری بەهێز و داهاتوویەکی پڕ لە هاوبەشی ستراتیژی بەردەوامن لە بنیاتنانی پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی هاوبەش دامەزراوە".
دەقی چاوپێکەوتنەکەی کوردستان24 لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن
کوردستان24: پەیامی ئێوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی نیشتمانی ژاپۆن چییە؟
باڵیۆزی ژاپۆن: ژاپۆن لە ماوەی 80 ساڵی ڕابردوودا لە ئاوەدانکردنەوەیدا سەرکەوتوو بووە و بووەتە وڵاتێک کە ڕێز لە بەها گشتگیرەکان و ڕۆحی هاوکاری نێودەوڵەتی دەگرێت، بەردەوامە لە ئاسانکاری بۆ لێکتێگەیشتن و هاوکاری یەکتر لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکاندا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهان.
بەبۆنەی ڕۆژی نیشتیمانیمانەوە، ئێمە وەک دۆستێکی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان و وەک لایەنگرێکی بەها گشتگیرەکان، پێمان خۆشە ئیرادەی خۆمان نوێ بکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لەگەڵ خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەست لەناو دەست کاربکەین بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی ئارام و ئاوەدان.
کوردستان24: ڕۆژی نیشتمانی ژاپۆن بۆ هاووڵاتیانی ژاپۆن چی دەگەیەنێت؟
باڵیۆزی ژاپۆن: ژاپۆن بە شێوەیەکی نەریتی یادی لەدایک بوونی ئیمپراتۆرەکان وەک ڕۆژێکی نیشتمانی بەڕێوە دەبات، ماڵی ئیمپراتۆری ژاپۆن مێژوویەکی زیاتر لە 2600 ساڵە و وا بیردەکرێتەوە کە کۆنترین دەسەڵاتی پاشایەتی بۆماوەیی بێت لە جیهاندا. یەکەم ئیمپراتۆر، ئیمپراتۆر جیمو لە ساڵی 660 پێش زاینە، ئیمپراتۆری ئێستای ژاپۆن لە یەکەمی ئایاری 2019دا هاتە سەر تەختی پاشایەتی و بووە 126هەمین ئیمپراتۆر و لە 23ـی شوباتی ئەمساڵدا جەنابی ئیمپراتۆر تەمەنی دەبێتە 65 ساڵ.
من پێم وایە کە ڕۆژی لەدایکبوونی جەنابی ئیمپراتۆر دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ گەلی ژاپۆن کە ڕێزی خۆیان بۆی نوێ بکەنەوە و بیر لە مێژوو و نەریتی دوور و درێژی ماڵی ئیمپراتۆری و نەتەوەی ژاپۆن بکەنەوە.
کوردستان24: پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ژاپۆن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی ژاپۆن و هەرێمی کوردستان چۆن وەسف دەکەیت؟
باڵیۆزی ژاپۆن: عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ڕێگایەکی دووری بەرەو بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری بڕیوە. ژاپۆن، چ حکوومەتەکەی و چ گەلەکەی، هەمیشە پشتگیری لە هەوڵەکانی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئارام و ئاوەدان بە ڕێگەی وەک هاوکاریکردن لە بوارە جیاوازەکانی وەک ژێرخانی ئابووری، تەندروستی، پەروەردە، و بەرەوپێشبردنی کولتووری.
باس لە پڕۆژەکانی ژێرخانی بکەین، حکوومەتی ژاپۆن لە ساڵی 2003ەوە بەشداری کردووە لە پەرەپێدانی ژێرخانی بنەڕەتی حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی قەرزی یەنەوە، وەک لە ڕابردوودا سەلمێنراوە، پڕۆژەکانی قەرزی یەن چەندین سوودی هەیە، لەوانەش بنیاتنانی ژێرخانی و بەڕێوەبردنی پڕۆژە کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت دەتوانێت پاڵپشتی بەهێزترکردنی زیاتری ئابووری هەرێمی کوردستان بکات.
هەروەها کۆمپانیا ژاپۆنییەکانی بەشدار لە پڕۆژەکانی قەرزی یێن دەتوانن تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان. جگە لەوەش، ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن (JICA)، دەزگای جێبەجێکاری یارمەتی فەرمی ژاپۆن (ODA)، ڕێژەی سوودی زۆر کەمتر و ماوەی گەڕاندنەوەی درێژتر لە چاو بەخشەرەکانی دیکە پێشکەش دەکات.
تا ئێستا، ئێمە "پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبا"مان تەواو کردووە بە بڕی 120 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2018 و "پڕۆژەی باشترکردنی دابینکردنی ئاو" بە بڕی 351 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2022.
سەبارەت بە "پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی دێرەلوک" بە بەهای 186 ملیۆن دۆلار، دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنان کە لەلایەن قەرزی یەنەوە پارەی بۆ دابینکراوە، لە ساڵی 2022 تەواو بوو، لەم ساتەدا، ئەو بیناسازییەی کە ماوەتەوە کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە پارەدار دەکرێت لە قۆناغی کۆتاییدایە.
ئێستاش دامەزراندنی "پڕۆژەی ئاوەڕۆ" بە بەهای 288 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، ئێمە دڵنیاین ئەم پڕۆژانە بەشدارن لە دروستکردنی بژێوییەکی باشتر بۆ خەڵک لە هەرێمی کوردستان.
پێویست ناکات ئاماژە بەوە بکەین کە بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی نێوان خەڵکی ژاپۆن و هەرێمی کوردستان چ ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە قووڵکردنەوەی لێکتێگەیشتنی یەکتر لە نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان و ئەو ڕۆڵەی کە دەیگێڕێت بۆ هاوبەشکردنی حیکمەت و زانیاری لە نێوان هەردوولادا.
دەمەوێت سەرنجتان ڕابکێشم بۆ ئەو پڕۆژانەی کە ڕێکخراوی ناحکومی ژاپۆنی ئینتەرناشناڵ خۆبەخشی یاماگاتا (IVY) وەک نموونەیەکی باشی ئاڵوگۆڕی نێوان گەلانی ژاپۆن و هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردووە (IVY) ڕۆڵێکی جەوهەری بۆ خەڵکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگێڕێت، بە دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانە بۆ ئاوارەکان، هەروەها دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی 37 قوتابخانە لە ساڵی 2014ەوە.
لە 27ی شوباتدا بەشداریی ئاهەنگی کردنەوەی قوتابخانەی دوستەپەی بنەڕەتی و ئامادەیی دەبم کە لەلایەن (IVY) لە گوندی دوستەپە لە هەولێر دروستکراوە، ساڵی ڕابردوو (IVY) دەستیکرد بە ناساندنی شێوازەکانی پەروەردە بە شێوازی ژاپۆنی بە مامۆستایانی ئەم قوتابخانەیە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی کوالێتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا دەڵێین، ژاپۆن و هەرێمی کوردستان لە دۆستایەتییەکی گەورەدا بەهرەمەند بوون، بە ئامانجی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانمان، ژاپۆن لە ساڵی 2017 نووسینگەی کونسوڵگەری لە هەولێر دامەزراند، بۆ زیاتر پتەوکردنی ئەم پەیوەندییە دۆستانەیە، ئێمە حەزدەکەین زیاتر پەیوەندی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەین.
هەروەها بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و بەشداریکردنی زیاتر لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێم بۆ بەدیهێنانی گەشەی بەردەوام کە لەلایەن هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە دڵەوە هیوادارم ئەم هەوڵانە سوودی بۆ ئەو نەوە گەنجانە هەبێت کە هەڵگری داهاتووی هەرێمن.