بۆ یەکەمجار لە جیهاندا، پزیشکێکی دهۆک دەرمانی بۆ جۆرێکی شێرپەنجە دۆزییەوە

پزیشکێکی کوردی شاری دهۆک بۆ جاری یەکەم دەرمانی بۆ جۆرێکی شێرپەنجە دۆزییەوە و دەرمانەکە دەتوانێت سەدا 95ـی خانەکانی ئەو شێرپەنجەیە لە ناو ببات.
پ. د. هژمەت عەبدولخالق عەلی، مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی دهۆک، لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی زانستی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ نۆ لێکۆڵەری زانکۆی "سەگەد"ـی هەنگاریا کردوویەتی، دەرمانێکی نوێی دژی شێرپەنجەی دۆزییەوە.
پ. د. هژمەت عەبدولخالق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بۆ جاری یەکەمە ئەم دەرمانە لەسەر ئاستی جیهان دەدۆزرێتەوە، ناومان لێ ناوە (CCF) و لە ڕووەکی (Centrapalus paucifloris) بەرهەم هێنراوە. دەرمانەکە لەسەر چەندان جۆری شێرپەنجە تاقی کراوەتەوە و دەرکەوت، دەتوانێت سەدا 95ـی خانەکانی شێرپەنجەی منداڵدان لە جۆری HPV-18 لە ناو ببات."
ئەو مامۆستایەی زانکۆی دهۆک، ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی داهێنانی هەنگاریا و زانکۆی 'سەگەد'ـی ئەو وڵاتە سپۆنسەری لێکۆڵینەوە زانستییەکەیان کردووە و ئەنجامەکانیشی لە گۆڤاری زانستیی (IJMS)ـی سویسری بڵاو کراوەتەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم توێژینەوەیە لە کاتێکدایە، پ. د. هژمەت عەبدولخالق پێشتریش یەکەمین بەڵگەی زانستیی سەلمێنراوی لەبارەی کاریگەریی تیشکی ئێکس لەسەر فیسیۆلۆجی جەستەی مرۆڤ، لە گۆڤاری "ئەیمس بایوفیزیک"ـی ئەمەریکی بڵاو کردبووەوە.
بە گوێرەی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە، ئەو کارمەند و پزیشکانەی لە بواری تیشکدا کار دەکەن، بەهۆی بەرکەوتنیان بە تیشکی ئێکس، گۆڕانی بەرچاو لە ڕێژەی دەردانی هۆرمۆنەکانی ڕژێنی دەرەقی، بە تایبەت هۆرمۆنی "تی4" دروست دەبێت.