مامۆستایانی زانکۆی دهۆک کاریگەریی تیشکی (ئێکس)ـیان لەسەر جەستەی مرۆڤ سەلماند

ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی دهۆک یەکەمین بەڵگەی زانستیی سەلمێنراویان لەبارەی کاریگەریی تیشکی ئێکس لەسەر فیسیۆلۆجی جەستەی مرۆڤ، بڵاو کردەوە.
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی کە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستای کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی دهۆک کراوە، دەرکەوتووە ئەو کارمەند و پزیشکانەی لە بواری تیشکی ئێکسدا کار دەکەن، بەهۆی بەرکەوتنیان بە تیشکی ئێکس، گۆڕانی بەرچاو لە ڕێژەی دەردانی هۆرمۆنەکانی ڕژێنی دەرەقی، بە تایبەت هۆرمۆنی "تی4" دروست دەبێت.
توێژینەوەکە لەسەر کارمەند و پزیشکانی سەنتەری قەستەرەی دڵ لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک کراوە و لە گۆڤاری "ئەیمس بایوفیزیک"ـی ئەمەریکی بڵاو کراوەتەوە.

پ. د. هژمەت عەبدولخالق عەلی، مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی دهۆک و سەرپەرشتی توێژینەوە زانستییەکە، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "توێژینەوەکەمان دەبێتە یەکەمین بەڵگەی زانستیی سەلمێنراو لەبارەی کاریگەریییە دوورمەوداکانی تیشکی ئێکس لەسەر فیسیۆلیجیای جەستەی مرۆڤ کە لە گۆڤارێکی زانستیدا بڵاو کرابێتەوە."
توێژەران بە پێویستی دەزانن پشکنینی بەردەوام بۆ کارمەندان بکرێت و لە کاتی کارکردنی ڕۆژانەی خۆیان لە نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشکییەکان، زیاتر خۆیان لە تیشکی ئێکس، بپارێزن.