خەزعەلی ستایشی ڕۆڵی خۆی لە هێرشێکدا دەکات کە پێنج سەربازی ئەمەریکی تێیدا کوژران

لە چاوپێکەوتنێکی زۆر نیگەرانکەردا کە لە 29ی ئایاری 2025، پەخش کرا، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی بزووتنەوەی 'عەسائیب ئەهل ئەلهەق' کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە، بە ئاشکرا ستایشی بەشداریی خۆی لە هێرشی کەربەلای ساڵی 2007 کرد کە بووە هۆی کوشتنی پێنج سەربازی ئەمەریکی.

بەپێی ڕاپۆرتی 'ئەنستیتیوتی واشنتۆن' بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، خەزعەلی، لە تەلەفیزیۆنی ئەل ئولا (قناة الأولى العراقية) نەک تەنها دانی بە ڕۆڵەکەیدا نا، بەڵکو بە شانازییەوە وەک "ئامانجێکی شەرەفمەندانە" ناوی برد.

یادگاریەکی ترسناک لە تیرۆر

ئۆپەراسیۆنی کەربەلای ساڵی 2007، کە بە فەرمانی خەزعەلی جێبەجێ کرا، ئامانج لێی، لێدانی ناوەندی هاوکاریی هاوپەیمانان بوو کە سەربازانی ئەمەریکایی تێدا جێگیر بوون. بەپێی نووسراوەکانی لێکۆڵینەوەی سەربازی ئەمەریکایی کە ئاشکرا کراون، خەزعەلی دەسەڵاتی بە عەدنان فەیحان دا  'کە لەوکاتدا فەرماندەی سەربازیی ئەهل ئەلحەق' بوو  بۆ ئەوەی هێرشەکە بکات. فەیحان، ئێستا پارێزگاری بابلە.

وەک ئەوەی 'ئەنیستیتۆی واشینتۆن' ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە، کە لەلایەن هێزی قودسی پاسدارانی ئێرانی پشتگیریی لێ دەکرا، نموونەیەکی تەواو لە بنکە سەربازییەکەی هێزەکانی ئەمەریکایان لە ئێراندا دروست کردبوو بۆ ڕاهێنانی هێرشکەرەکان. هێرشکەرەکان، کە جلوبەرگی سەربازی ئەمەریکاییان لەبەردا بوو، چوونە ناوەندەکەوە، چوار سەربازیان دەستبەسەر کرد و دواتر ئیعدامیان کردن 'سێیان لەکاتی دەستگیریدا و یەکیان لەکاتی چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەیەکدا.' سەربازی پێنجەم، کەسێک بوو بە ناوی جۆناسان میلیکان، هەر لە سەرەتادا کوژرا، کاتێک بۆ پاراستنی گیانی هاوڕێکانی، خۆی فڕێدایە سەر نارنجۆکێک.

دواتر، کاتیک خەزعەلی لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە دەستگیر کرا، هێرشەکەی بە "یاسای شەرعی" پاساو دا؛ ئەمەش وەک ئەنستیتۆی واشنتۆن دەڵێت، بانگەشەیەکی ترسناکە کە سەرسەختی دۆگمایی و جیهانبینی شەڕانگێزی ئەو دەردەخات.

سەرکەوتنی سیاسی شەڕەنگێزێک

عەدنان فەیحان ئەلدلێمی، ئەو پیاوەی کە سەرکردایەتیی جێبەجێکردنی هێرشی کەربەلای کرد و ئێستا پارێزگاری بابلە، لەلایەن مایکڵ نایتس لە ئەنستیتیوتی واشنتۆنەوە وەک "سەرکەوتنی سیاسی گەورەی" عەسائیب ئەهل ئەلهەق وەسف کراوە. دەستنیشاندکردنی ئەو وەک پارێزگای بابل  لە 6ی شوباتدا لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئەنجوومەنی پارێزگا بوو کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بایکۆتیان کرد، چونکە نیگەرانیی زۆریان سەبارەت بە پاشخانەکەی ئەلدلێمی هەبوو.

ئەو کە پێشتر فەرماندەی میلیشیای سەدری بووە و کارمەندێکی کۆنی سەر بە حیزبوڵلا و ئێرانە. ئەلدلێمی، کردە شەڕەنگێزانەی خۆی گۆڕیوە بۆ پیشەیەک لە سیاسەتدا. یەکەم جار لە پەرلەماندا لە ساڵی 2014 دەرکەوت و دواتر بووە ئەندامێکی سەرەکی لە لیژنەی بەرگری و ئاسایشی عێراق. بلۆکی سیاسیی ئەو، 'الصادقون'، باڵی فەرمیی سیاسی عەسائبی ئەهل ئەلحەقە.

ئەلدلێمی، هەرگیز پشتگیرییەکەی بۆ کردەی توندوتیژیی نەشاردووەتەوە. لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، پیرۆزبایی لە حەماس کرد بۆ هێرشی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیلی بە "گرێیەکی شێرپەنجەیی" وەسف کرد.

ڕێگای میلیشیا بۆ دەسەڵات

قسەکانی خەزعەلی لە تەلەفیزیۆنی ئەل ئولا، ئەو کاتە زیاتر بوونە جێی سەرنج، کاتێک سەبارەت بە هۆی ڕێگریی لە هاتنی ئەحمەد ئەلشەرع بۆ بەشداریی لە کۆڕبەندی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، پرسیاری لێ کرا.

خەزعەلی، لە وەڵامی ئەو  پرسیارەدا گوتی: ئەمەریکاییەکان خەڵکیان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەگرت. کەسێک بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکی دەستگیر کرا و ئەمە ئامانجێکی شەرەفمەندانەیە. یەکێکی تر بۆ هێرشکردنە سەر هێزە [عێراقییەکان] دەستگیر کرا، ئەوە شەرەفمەندانە نییە. جیاوازیی نێوان من و ئەو، واتە ئەحمەد ئەلشەرع ئەوەیە، کە من لەسەر بەرەنگاربوونەوە لە داگیرکردنی ئەمەریکی و بەشداریم لە ئۆپەراسیۆنی ناوداری کەربەلا دەستگیر کرام. من تۆمەتبار نەکرام بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی عێراقی، لە کاتێکدا یەکێک لە "تۆمەتەکانی شەرع" هێرشکردن بووە بۆ سەر هێزەکانی ئاسایشی عێراق.

قسەکانی وەک بیرخستنەوەیەکی توندن بۆ ئەوەی کە گرووپە شەڕانگێزەکانی سەر بە سوپای قودسی پاسدارانی ئێران، نەک تەنیا پەشیمان نین لە کردە تیرۆریستییەکانیان، بەڵکوو خۆیان لە سەرهێڵی سیاسی عێراقدا جێگیر دەکەن. بەپێی ئەنستیتیوتی واشنتۆن، ڕێکەوتنێکی بەربڵاو لەناو چوارچێوەی هاوکاریی شیعیدا هەیە کە تاوانەکان لە دژی هێزە ئەمەریکاییەکان، بە 'نایاسایی و ناشەرفەمەندانە' وەسف ناکات.

شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە ئەم ئاساییکردنی توندوتیژییە، لێکەوتەی جیددی بۆ داهاتووی عێراق بەدوای خۆیدا دەهێنێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق محەممەد شیاع السودانی، کە سەرکەوتنی بۆ دەسەڵات بەشێوەیەک لەلایەن خەزعەلییەوە بۆ ئاسان کرا، بەردەوامە لە هاوکاریی لەگەڵ عەسائبی ئەهل ئەلحەق، کە گومان دەخاتە سەر پابەندبوونی حکوومەت بۆ لەچەکداماڵینی میلیشیا و پیادەکردنی  دیموکراتی لە عێراقدا.

وەڵامی ئەمەریکا

ئەمەریکا، بە فەرمی وەڵامی لێدوانەکانی دوایی خەزعەلی نەداوەتەوە. بەڵام قسەکانی لە کاتێکدا دێن کە عێراق نزیک دەبێتەوە لە هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکان و گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیەکەی. بەرزکردنەوەی کەسانێک کە ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە تیرۆری ئەمەریکاییەکان هەبووە بۆ پلەی پارێزگار، کاریگەریی بەردەوامی گرووپە میلیشیا سەر بە سوپای قودسی پاسدارانی ئێران،  لەناو سیستەمی سیاسی عێراقدا دەردەخات.

وەک مایکڵ نایتس باس دەکات، ئەم پەرەسەندنانە دەبێت ببنە هۆی هەڵسەنگاندنەوەی سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر بە بەغدا. "سیاسەتمەدارانی تیرۆریست"، کە مایکل نایتس، ئاوها ناویان دەبات، ئێستا لە ناو دامەزراوە دەوڵەتییەکانی عێراقدا، دەستڕۆیشتوون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment