گەنجینەی ئەمەریکا: سزامان بەسەر پرۆگرامی درۆنی ئێراندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: سزای نوێیان بەسەر 5 دامەزراوەی پەیوەست بە پرۆگرامی درۆنی ئێراندا سەپاند.
پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، تۆڕێکیان خستووەتە لیستی سزاکانیانەوە، کە پێکهاتوون لە پێنج دامەزراوە و کەسایەتییەک لە ئێران، هۆنگ کۆنگ، تایوان و چین، کە هاوکاریی کۆمپانیای پیشەسازیی دروستکردنی درۆنی ئێرانیان کردووە.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کرد، ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەک و توانا سەربازییەکانی، بە تایبەتی درۆن، بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، هاوپەیمان و هاوبەشەکانی واشنتن لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەمەریکا لە رێگریکردن لە تواناکانی تاران بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، بەردەوام دەبێت.
چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو: ئەمەریکا گەورەترین پاکێجی سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، کە لە 2018ـەوە تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە.
وەزارەتەکە باسی لەوە کردبوو، لە چوارچێوەی هەڵمەتی سزاکانیان لەسەر ئێران، 12 کەسایەتی، زیاتر لە 70 دامەزراوە و 62 کەشتی ئێران و هاوکاری ئەو وڵاتەیان خستووەتە لیستی سزاکانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، 9ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا 21 دامەزراوەی ئێران و هاوکاری ئەو وڵاتەی، خستە لیستی سزاکانیەوە.