عێراق.. 20 ملیۆن هاووڵاتی بەهۆی کەمئاوی ژیانیان لە مەترسیدایە

بەهۆی گرتنەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە لایەن وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت تورکیا ، لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنن 20 ملیۆن هاووڵاتی عێراق ژیان وگوزەرانیان لە مەترسیدایە، گوندنشیانیانی سەر ڕووبار و زێکان دەیانەوێت دەست لە کاری کشتوکاڵی هەڵگرن و کۆچی بە کۆمەڵ بکەن بۆ سەنتەری پارێزگاکان.
کەڕار سامی، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵە ئاوەکە کەمی کردووە و ساڵ لە دوای ساڵی ئاوی دیجلە زیاتر دا ئەبەزێت ، بە تایبەت ئەم ساڵ چەند دورگەیەک لە ناوەڕاستی ڕووبارەکە دەرکەوتون کە پێشتر شتی وامان نەبینیوە، لە هەندێک شوێنیش دەتوانی بە پێ لە ڕووبارەکە بپەڕێیتەوە .
حەسەن جەبر، ماسیگر گوتی: وڵاتی تورکیا ئاوی ڕووبارەکەی گرتووەتەوە ، ئەوە ئەنجامەکەیەتی بە ڕوونی دیارە ئاوەکە چەنێک دابەزیوە ، پێشتر ئەچوینە سەرەوە ڕاوی ماسیمان دەکرد، ئێستا نزیکەی سێ بۆ چوار مەتر ئاوەکە دابەزیوە، تەماشای ناوەراستی ئاوەکە بکە خاکەکەی دەرکەوتوە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی عێڕاق، ئاستی ئاو لە 70 ملیار مەتر سێجاوە بۆ کەمتر لە 40 ملیار مەتر سێجا دابەزیوە، تەنها ساڵی ڕابردوو لە وەرزی زستاندا 21 ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و بەهۆی خراپ بەکارهێنانەوە هێچی نەماوە،
سەبارەت بە زیانەکانی کەمبوونەوەی ئاو لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، 20 ملیۆن هاوڵاتی عێراق بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان ژیان و گوزەرانیان کەوتووەتە مەترسی، لە هەندێک ناوچەش گوندنشینان ناچارن کۆچ بکەن.
فالح خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین لەگەڵ تورکیا قسە بکەن بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر کە کەمتر نەبێ لە 800 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەک، بۆ ئەوەی ڕووباری دیجلە و فورات ببوژێتەوە بە ئاوی خواردنەوە و بەکارهێنانی بۆ کشتوکاڵ، دەبێت هەموو دەریاچەکان و کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسی کە بەشێوەی زیادەڕەو دروستکراون بڕوخێت تاکو ئاوی زیاتر بگەڕێتەوە ناو ڕووبارەکان.
دوو مانگ لەمەوبەر سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستپێشخەریەکی هەرێمایەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو ڕاگەیاند و داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد بە شێوەی بەردەوام ئاو بڕژێننە ناو ڕووبارەکان، بەڵام هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێی عێراق وەڵامی ئەو دەستپێشخەریەی سودانیان نەداوەتەوە.