ڕێباز حەملان: گفتوگۆکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەردەوامن

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر داهاتە ناوخۆییەکان ڕای جیاوازیان هەیە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن.

دووشەممە 25ـی ئابی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 نوێترین زانیاری لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە شاندی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و ئێستا چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن لەسەر ئەو خاڵانەی کە ناکۆکییان لەسەرە.

ڕێباز حەملان ئاماژەشی دا، شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتی دارایی و چاودێریی دارایی، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە گفتوگۆی بەردەوامدان. ئاشکرای کرد کە لەسەر پرسی داهاتی گومرگەکان ڕێککەوتن کراوە بە شێوەیەک کە 50%ی داهاتەکە بۆ هەرێم و 50%ی بۆ بەغدا بێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، لەسەر میکانیزمی داهاتەکانی دیکەی ناوخۆ، وەک ڕسومات و باج، هێشتا "دوو ڕای جیاواز" هەیە. ئەم ناکۆکییە بە دوو کۆنووسی جیاواز دراوەتە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی وردەکاریی یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی بەغدا کردووە و پابەندی تەواوی خۆی بە یاسای بودجە و یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی نیشان داوە.

گوتیشی: ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانمان جێبەجێ کردووە. چاوەڕوانین بە زووترین کات ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە بۆئەوەی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران خەرج بکرێت."

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، سبەی سێشەممە، 26ی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و یەکێک لە بڕگەکانی کارنامەکەی، مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت دەبێت.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە 23ـی ئابی 2025، شاندێکی حکوومەتی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکان و ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی چوونە بەغدا، هاوکات هەفتەی ڕابردوو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment