زانیاری نوێ لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق

سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، بڕیارە سبەینێ تەواویی هێزەکانی ئەمەریکا، لە بەغدا بکشێنەوە و شوێنەکانیان ڕادەستی هێزە عێراقییەکان بکەن.
هەینی 29ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی حکوومەتی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەی 5 ڕۆژە بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو سەربازگەی (عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا) کشاونەتەوە، هەروەها بڕیارە سبەینێ شەممە، تەواویی هێز و کارمەندەکانی ئەمەریکا لە سێ شوێنی بەغدا (ناوچەی سەوز، بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان)، بکشێنەوە و شوێنەکانی ڕادەستی هێزە عێراقییەکان بکەن.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، ئێستا تەنیا چەند ئامێر و کەرەستەیەکی سەربازی و پێداویستی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا ماون، بڕیارە ئەمشەو تاوەکوو سبەینێ تەواویی سەرباز و کارمەند و کەرەستەکانیان بگوازنەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە بەغدا، تەنیا 20% هێزەکانی ئەمەریکای لێماوە و ئەوانەی دیکە سەربازی فەرەنسی و ڕۆمانین.
هەر لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا، ئەو سەرچاوەیەی حکوومەتی عیراق، دەشڵێت: بەشێک لە هێزەکان لە پارێزگای ئەنبار و لە سنووری سووریاوە دەبرێنە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوی کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە حکوومەتی عێراق ڕاگەیاندبوو؛ لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە فەرمان کراوە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا، کە سەربازەکانی قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنتەوە.
گوتوبووشی: لەو دوو سەربازگەیە هێزەکانی ئەمەریکا بەشێکیان کشاونەتەوە و تا چەند ڕۆژێکی دیکە ئەو دوو سەربازگەیە بە تەواویی چۆڵ دەکرێن.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی لە سەربازگەی عەین ئەسەد، لە پارێزگای ئەنبار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ئەمرۆ کاروانێکی هێزەکانی ئەمەریکا لە سەربازگەی عەین ئەسەدەوە بەرەو سووریا کشاونەتەوە ئەمەش دوای بریاری ئەمەریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لەنێو خاکی عێراق.
سوودانی: پابەندین بە کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە عێراق
شەممە 9ـی ئابی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی 20، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاری ناوخۆی و دەرەکی دایە، بەڵام حکوومەت بەرنامەیەکی داناوە بۆ کارکردن.
لە بارەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق، سوودانی، ئاشکرای کردبوو، حکوومەتی عێراق پابەندە بەو بەرنامەیەی کە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دانراوە، چونکە هیچ پێویستییەک بۆ مانەوەیان نەماوە.