پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: مانگی داهاتوو ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی دێت

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە کۆتاییهێنانی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەیلوولی ئەمساڵ لە عێراق دووپات کردەوە. هاوکات جەختیشی لە بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ عێراق کردەوە.
هەینی 29ـی ئابی 2025، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا 'پێنتاگۆن' لە وەڵامی کوردستان24ـدا دەڵێت: واشنتن بەردەوامە لە پێداچوونەوە، جووڵەکردن و جێگۆڕکێ بە ھێزەکانی لە عێراق، ئەمەش بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی ھاوبەشیی وڵاتەکە و عێراقە، لە بارەی گۆڕینی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق.
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، پابەندن بەوەی تا ئەیلوولی 2025، کۆتایی بە ئەرکی سەربازیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بھێنن، بەڵام لە بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەمەریکا دوای گۆڕینی ئەرکەکەشیان، بەردەوام دەبن لە پەیوەندیی و ھەماھەنگی دوولایەنەی ئەمنی لەگەڵ عێراق.
هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 عێراق و ئەمەریکا, ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە تێیدا هاتبوو، هەر دوو وڵات پەیوەندییەکی ستراتیجییان هەیە، هەروەها ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە مانگی ئەیلوولی 2025 لە عێراق کۆتایی دێت.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی حکوومەتی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەینێ شەممە تەواویی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەر سێ شوێنی بەغدا (ناوچەی سەوز، بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان) دەکشێنەوە.