رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە هەولێر.. کارمەندێکی شارەوانی گیانی لەدەستدا

رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی شارەوانی روویداوە

شوێنی رووداوه‌كه‌
شوێنی رووداوه‌كه‌

K24 - هەولێر

بەھۆی رووداوێکی سەختی ھاتووچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی سەر بە کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی شارەوانی لەسەر شەقامی 120 مەتریی ھەولێر، بەیانیی ئەمڕۆ کارمەندێکی شارەوانی گیانی لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.

هەرچەندە فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر سەرەتا بە کوردستان24ـی راگەیاند "دوو کرێکاری شارەوانی گیانیان لەدەستداوە"، بەڵام دواتر رایگەیاند "سێ کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی شارەوانی بوون، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و دووانەکەی دیکە بریندارن، کە برینی یەکێکیان سەختە".

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری کۆمپانیایەکی پاککردنەوە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ دەبێت، تێکچووە و لە لایەکی شەقامەکە راگیراوە، ئۆتۆمبێلەکەی دیکەی کۆمپانیایەکی پاککردنەوەی سەر بە شارەوانی، کە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، بەخێرایی هاتووە و خۆی بە سووچێکی ئۆتۆمبێلەکەدا داوە و، دواتر خۆی بە تاکسییەکدا کێشاوە، لەئەنجامدا وەرگەڕاوە و بەداخەوە قوربانیی لێکەوتووەتەوە.

نەقیب بەختیار، لە پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە شوێنی رووداوەکەوە گوتی "رووداوەکە کاتژمێر 09:30ـی بەیانی روویداوە... ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە لە رۆژی پێنجشەممەوە لەسەر ئەو شەقامە راگیراوە و ئۆتۆمبێلەکەی هەڵگرتنەوەی زبڵی ماڵان، سێ کارمەندی تێدا بووە و بە خێراییەکی زۆر بەسەر شەقامەکە رۆیشتووە، هەرچەندە کاتێک بارهەڵگرەکەیان بینیوە، هەوڵیداوە بووەستێت، بەڵام بە سووچی ئۆتۆمبیلەکە کەوتوون، لەئەنجامدا سوڕاوە و خۆی بە تەکسییەکدا داوە".

بەگوتەی نەقیب بەختیار، بەگوێرەی ناوی قوربانییەکان، هەرسێکیان کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن. هەروەها گوتی "شۆفێری تەکسییەکە رەوشی تەندروستیی باشە".

 

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment