رێكخراوی تەندروستی جیهانی ڤاکسینی "جۆنسن جۆنسن"ی پەسەند کرد

"هیچ کەسێک بەهۆی وەرگرتنی ڤاکسین گیانی لەدەستنەداوە"

ڤاکسینی "جۆنسن جۆنسن" پەسند کرا
ڤاکسینی "جۆنسن جۆنسن" پەسند کرا

K24 - هه‌ولێر:

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڤاکسینی "جۆنسن جۆنسن"ی پەسند کرد و رەتیشی دەکاتەوە ڤاکسینەکەی ئاسترازێنیکا ببێتە هۆی کڵۆبوونی خوێن و گیان لەدەستدان.

تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگه‌یاند، چاودێریکردنی سەلامەتی ڤاکسینەکان بەردەوامە و تا ئێستا (300) ملیۆن و (35) هەزار کەس ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و هیچ کەسێک بەهۆیەوە گیانی لەدەست نەداوە.

ئەدهانۆم گوتی: "لەگەڵ بەردەوامی وڵاتان لە دابینکردنی ڤاکسینی کۆڤید 19، رێکخراوی تەندروستی جیهانیش بەردەوامە لە چاودێریکردنی سەلامەتی ڤاکسینەکان، رێکخراوەکەمان ئاگادارە هەندێک وڵات بەکارهێنانی ڤاکسینی ئاسترازێنیکایان راگرتووە، بە پشت بەستن بەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن، هەندێک لەوانەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، تووشی کڵۆبوونی خوێن بوون. راگرتنەکە رێکاری پێشوەختەیە لەکاتێکدا لێکۆڵینەوە لە سەلامەتی ڤاکسینەکەی ئاسترازێنیکا کۆتایی هاتووە".

گوتیشی: "گرنگە ئەوە بزانین ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک نییە پەیوەندی نێوان کڵۆبوونی خوێن و ڤاکسینەکەی ئاسترازێنیکا بسەلمێنێت و دەکرێت ڤاکسینەکە بەکاربهێنرێت و لەکاتێکدا هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو راپۆرتانەی بۆمان هاتوون بەردەوامن، هەر زانیارییەکی نوێ هەبێت لەسەر ڤاکسینەکە هەمووانی لێ ئاگادار دەکەینەوە".

ئەدهانۆم روونیكرده‌وه‌، "تا ئێستا زیاتر لە (300) ملیۆن و (35) هەزار ڤاکسینەکە لە جیهان بەکارهاتوون و هیچ کەسێکیش بەهۆیانەوە گیانی لەدەست نەداوە، جیا لەوەش ڤاکسینی "جۆنسن ئەند جۆنسن"مان پەسەند کردووە، كه‌ دەبێتە چوارەم ڤاکسینی پەسەندکراو لەلایەن رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه‌، هەفتەی داهاتووش رێکارەکانی بەکارهێنانی بڵاودەکەینەوە".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، تاوەکو ناداپەروەری لە دابەشکردنی ڤاکسین بەردەوام بێت، کۆنترۆڵکردن و کۆتاییهێنان لە پەتاکە ئەستەمە.

د.ی

Fly Erbil Advertisment