یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان: پیلانێكی ناوچه‌یی گه‌وره‌ له‌ دژی گه‌لی كوردستان له‌ئارادایه‌

بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و پیلانڕێژییه‌ كاریگه‌رترین چه‌ك به‌ده‌ست گه‌لی كورده‌وه‌، یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌

لۆگۆی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان  YNDK
لۆگۆی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

K24- هه‌ولێر:

كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان "YNDK" جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كوردستان ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی كوردستان به‌ پێویست ده‌زانێت، كه‌ ته‌واوی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌خۆ بگرێت.

ئه‌مڕۆ كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی YNDK، به‌ سه‌رپه‌رشتی غه‌فوور مه‌خمووری، سكرتێری گشتی ئه‌و حزبه‌ له‌ هه‌ولێر له‌باره‌ی پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان كۆبووه‌وه و دواتر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ‌رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ قۆناغی ئێستای هه‌رێمی كوردستان كرا و دووپات كرایه‌وه‌، ئێستا داگیرکەرانى کوردستان لە هەموو لایەكەوە كوردستانيان گەمارۆداوە و باس له‌وه‌ كرا، كه‌ پیلانێكی گه‌وره‌ی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوی ناوچه‌یی له‌ دژی گه‌لی كوردستان له‌ئارادایه‌ و ده‌مێكه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و پیلانه‌ ده‌كرێت و هه‌وڵی جێبه‌جێ كردنی ده‌درێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش درا، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و پیلانڕێژیه‌، كاریگه‌رترین چه‌ك به‌ده‌ست گه‌لی كورده‌وه‌، یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان "YNDK":

ئەمڕۆ شەممە 13/3/2021 كۆمیتەی سەركردایەتيی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان "YNDK" بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كار و خەباتی YNDK كرا:

باشووری كوردستان: ئێمە لە YNDK واى دەبینینەوە کەوا ناوەندى سیاسیى کوردستان پەرش و بڵاو و لێکترازاوە، بۆیە بە پێویستی دەزانین كە بەزووترین كات ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوە، بۆ ئەمەش پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) کە تەواوى هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتەخۆ بەگرنگ دەزانین، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێك بۆ ئەوەى کەوا هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازەدا، كەوا ئێستا داگیرکەرانى کوردستان لە هەموو لایەكەوە كوردستانيان گەمارۆداوە، بێگومان ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلى کوردستان، ئەم پیلانانە دەمێکە کارى لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنى دەدرێت، بێگومان یەکڕیزى و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکن بۆ هەڵوەشاندنەوەو پوچەڵکردنەوەى ئەم پیلانانە و هەوڵە نەزۆکەکانى دوژمنان و ناحەزانمان.

سەبارەت بە شێوازى بەڕێوەبردنى کوردستان :YNDK ئەنجامدانى چاکسازییەکى گشتگیر لە تەواوى بوارەکانى بەڕێوەبردنى کوردستان بەپێویست دەزانێت و، داواکارە حکومەتى کوردستان تەواوى دەزگا و دامەزراوەکانى کوردستان بەشێوەیەکى سەردەمییانە سیستماتیك بکات و، ببێتە حکومەتى هەموو خەڵکى کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلدرێت و حکومەت لەسەر هەموو ئاستەکان یەکبخرێتەوە، هەموو لایەکمان چاوەڕوانین کە حکومەتى کوردستان هەنگاوى باش بنێت بۆ‌ پێشکەشکردنى خزمه‌تگوزارى زیاتر و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسى، ئابوورى، حزب حزبێنه‌ و نایه‌كسانی، هەروەها پێویستە حکومەتى کوردستان ئاوڕی زیاتر له‌ فه‌رمانبه‌ران، مامۆستایان، خانه‌نشینان، خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بداته‌وه‌ و مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆيدا بۆ خەرج بکات و كاربكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌وره‌ها پێویستە كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك و مه‌خموور و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ بكات كه‌ به ‌پیلانێكی نه‌گریس كه‌وتنه‌ بنده‌ستی سوپای داگیرکەرى عێراق.

سەبارەت بە مامەڵەکردنى حکومەت لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییەکانى کوردستان: پێویستە حکومەتى کوردستان بەشێوەیەکى یەکسان و دادپەروەرانە مامەڵەیەکى تەندروست لەگەڵ تەواوى هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ بۆردێکى تایبەت دروست بکرێت، کە ببێتە خاڵى پەیوەندى نێوان حکومەت و حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان.

باكووری كوردستان: ئێمە لە YNDK پشتیوانی خۆمان بۆ خەباتى باکوور رادەگەیەنین، ئیدانەى تەواوى ئەو دەستدرێژیانەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا دەکەین، کە دەیکاتە سەر پەرلەمانتارانى کورد و شارەوانییەکان و چالاکوانه‌ مەدەنییەکان، ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا ئەو راستییە دەسەلمێنن، کە تورکیا دژى هەرجۆرە خەباتێکى مەدەنى و پەرلەمانى و سیاسییە لە باکوورى کوردستان، سیاسەتى دوژمنانەى تورکیا بەرامبەر گەلى کوردستان ئەو راستییە دەسەلمێنێت، کە تورکیا دژى هەر داوا و دەسکەوتێکى گەلى کوردستانە، جا لە هەر بەشێکى کوردستان بێت، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین، دژى ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا بیدەنگ نەمێنن، سەرەڕاى ئاستەنگەکانى بەردەم خەباتى نەتەوەکەمان لە باکوور پێشڤەچوونى بەرچاویش وەدیهاتوون، خۆشحاڵین بەپێشڤەچوونەكانی خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات و هيوادارين ببێتە فاكتەری سەرەكی پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر و گەیشتن بە مافە رەواکانى نەتەوەکەمان.

رۆژهەڵاتی كوردستان :YNDK هەوڵەكانی لە یەك نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی ئەو بەشەی وڵات بەرز دەنرخێنێت و بە گرنگی دەبینێت، كە تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی وڵات كار بكەن بۆ كۆكردنەوەی هێز و تواناكانیان و بەرەیەكی سیاسی بەرفراوان کە تەواوى هێز و لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵات بگرێتەخۆ، لە نێوان خۆیاندا پێكبهێنن، بۆئەوەی ئامادە بن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێ، كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و روودەدەن، لەهەمان كاتدا سڵاو و رێز دەنێرین بۆ زیندانييانی سیاسی لە زیندانەكانی ئێران و خەبات و بەرخودانیان بەرز دەنرخێنین، داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین، هەوڵبدەن گیانی چالاکوانان لە زیندانەکانى ئێران لە مردن رزگار بكەن و پاڵەپەستۆ بخەنە سەر رژێمى ئێران کە چیتر گەنج و چالاکوانانى کورد لە سێدارە نەدات.

رۆژئاوای كوردستان YNDK جارێكی دیكە پشتیوانی خۆی بۆ خەبات و تێکۆشانى رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنێت و پێشڤەچوون و سەرکەوتنەکانى رۆژئاواى کوردستان بەرز دەنرخێنێت، بە گرنگی دەزانێت تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشەی وڵات یەكڕیز و یەكدەنگ بن و بەیەكەوە كاربكەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن و لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و خۆیان لەهەر گرژی و ناكۆكییەك بپارێزن، لەهەمان کاتدا تەواوى هێرش، پەلامار و دەستدرێژییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان ئیدانە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین، لە بەرامبەر تورکیادا هەڵوێست وەربگرن.

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانYNDK  جەختدەكاتەوە له‌سەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بە بەشداری تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن و بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانێت و وەك هەنگاوێك بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن لێیدەڕوانێت.

ساڵیادى دامەزراندنى YNDK: نەورۆزى ئەمساڵ YNDK پێدەنێتە 26 بیست و شەشەمین ساڵیادى دامەزراندنى خۆى، YNDK  وەكو رێکخستنێكی نەتەوەیی و جەماوەری لە گۆڕەپانی سیاسی و كولتوری كوردستان لە نەورۆزى 1995 لەدایكبوو و راگەیاندرا و بووە موژدەبەخش بۆ کۆکردنەوە و پەروەردەکردن و ئاراستەکردنى هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و نیشتمانپەروەران بۆ کار و خەبات،YNDK  لەماوەیەكی كورتی تەمەنى کار و خەباتیدا توانی بەدیاربكەوێت و بەهۆی كاری بەردەوامی لەسەر خزمەتكردن و كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و سیاسییەكان دروست بكات، ئەمساڵیش کەوا یادى (26)ەمین ساڵەى لەدایکبوونى خۆى دەکاتەوە، بڕیاربوو بە کۆمەڵێ چالاکى و مەراسیمى جۆراوجۆر یادەکە بکاتەوە، بەڵام وەك هەموو لایەك ئاگادارن بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا (COVID-19) لەجیهاندا، بەداخەوە کە کوردستانیشى گرتووه‌تەوە، ئەوا بۆ دووەم ساڵ دەچێت ئەم پەتا کوشندەیە بەرۆکى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى گرتووە، وایکردووە حکومەتى کوردستان کۆمەڵێ رێکار و رێنمایى هەبێت بۆ پاراستنى هاووڵاتیانى کوردستان و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا، ئێمە لە YNDK پشتیوانى تەواو لە هەنگاو و رێنماییەکانى حکومەتى کوردستان دەکەین، هەربۆیە بڕیارماندا بە وەستاندنى تەواوى چالاکى و مەراسمیى ساڵیادى دامەزراندنى YNDK  و، لێرەوە داوا هەموو لایەك دەکەین، ئەو بەڕێزانەى دەیانەوێ لەم یادەدا لەگەڵمان بن دەکرێ لە رێى ناردنى پەیام و بروسکەى پیرۆزبایى بەسەرمانبکەنەوە.

عێراق :YNDK پێیوایە هیچ گۆڕانکارییەگى پۆزەتیف لە سیاسەت و هەڵسوکەوتى دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ کوردستان رووینەداوە، دژایەتیکردنى خواستەکانى گەلى کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامە، ئەم رەوشەی كەوا ئێستا عێراق پێیدا گوزەر دەكات بەرەنجامی عەقلیەتی تاكڕەوی و دكتاتۆرییەتە، كە حكومەتی تائیفى و مەزهەبى لە ساڵانی رابردوو و لە ئێستادا هۆكاری هێنانە ئارای ئەم عەقلیەت و رەوشە نەخوازراوە بوون، بە باوەڕی ئێمە و بەپێی ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق دەگەینە ئەو راستییەی كە متمانە بە دەسەڵاتەكانی عێراق نەكەین، بێگومان دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت، کە عەقلیەتى دەسەڵاتدارى عێراقى چەقبەستووە و ناگۆڕێت، روانینى زۆربەیان هەمان روانینى حکومەتەکانى رابردووە بۆ چارەسەرى پرسى کورد! زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق لۆژیکى خۆبەزلزانین و سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن، ئەم روانين و پەراوێزخستنانەیان بۆ کورد پەیامێکن بۆ هەموو لایەك، کە تائێستاش گەلى کوردستان هەڕەشەى لەسەرە و پێویستى بە پاراستن هەیە، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە ناکۆکى و دووبەرەکى بخەینە لاوە و بە یەکڕیزى و یەکدەنگى رووبەڕووى ئەم هەڕەشانە ببینەوە.

رەوشی ناوچەكە :YNDK پێیوایە رۆژهەڵاتی ناڤین لە رەوشێكی پڕ ناسك، هەستیار و ئاڵۆزدایە و رۆژ بە رۆژ ئەگەر و پێشهاتی نوێ‌ دێنە پێشەوە و، ئەو ئەگەر و پێشهاتانە كاریگەری خۆیان دەبێت بۆ سەر رەوشى ئێستاى کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەكانی ناوچەكە، بەداخەوە ئێمەى گەلى کوردستان بەهۆى ململانێى سیاسیى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەرنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانیمان نیە بۆ چۆنیەتى مامەکردن لەگەڵ پێشهاتەکاندا، بۆیە پێویستە ئێمەش وەکو گەلى كوردستان سوود لەو دەرفەتە وەربگرین و کارنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژین، هەروەها پێویستە برایانمان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان كار و خەباتی خۆیان خورت بكەن و بەرەو رزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن، لە هەمان كاتدا وای دەبینین كە دەكرێ لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییانەى دێنە پێشەوە سوود وەربگرین بۆ كاركردن بۆ بە ئەنجامگەیاندنى ئەنجامى ریفراندۆم و کارکردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

هەروەها لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا باس لە كار و خەباتی YNDK لەماوەی رابردوودا كرا و كارنامەیەكیش بۆ كار و خەباتی داهاتووی YNDK دانرا، ئەمە و كۆبوونەوەكە سەركەوتووانە كۆتایی بە كارنامەی خۆی هێنا.

كۆميته‌ى سه‌ركردايه‌تيى

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان  YNDK

13/3/2021 هەولێر - باشووری كوردستان

H.B

Fly Erbil Advertisment