سەدان ھەزار تۆن سێوی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ کڕیار دەمێنێتەوە
بەشێکی زۆری سێوەکان لەسەر شەقامەکان ھەڵرێژراوە و چاوەرێی كڕیار دەكەن

K24 - هەولێر
ساڵانە سەدان ھەزار تۆن سێو لە پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان بەبێ كڕیار دەمێنێتەوە، بەشێك لەو سێوانە خراپ دەبن، بەشێكیشی لەلایەن باخدارەکانەوە بەزەرەر دەفرۆشرێن، لەگەڵ ئەوەش ئێستا سێوێكی یەكجار زۆر لەسەر شەقامەکان ھەڵرێژراوە و چاوەرێی كڕیار دەكەن، باخدارەكانیش دەڵێن حكومەت ئاسانكاریان بۆ ناكات.
بەپێی ئاماری فەرمی ناوەندی کشتوکاڵی ورمێ، ئەمساڵ نزیكەی 350 ھەزار تۆن سێو لەبەردەم مەترسی داڕزین و لەناوچووندان، کەچی تاكوو باخەوانەکانی بەدیار بەرهەمی ئەمساڵیان دۆشداماون و كڕیارێك لێیان ناپرسێتەوە.
سەفییەدین ئەزیوەر، یەکێکە لە باخدارەکانی سێو لە ورمێ ئەو دەڵێ: "ئێستا سێوەکانمان لێکردووەتەوە و چاوەڕێ کڕیار دەکەین، بەهۆی سەرماوە ئەگەر چەند رۆژێکی دیکە بەو نرخەی ئێمە دەمانەوێت نەفرۆشرێن، ناچارین بە هەرزان بیفرۆشین".
تەنیا لە پارێزگای ورمێ ساڵانە یەك ملیۆن و 300 ھەزار تۆن سێوی جۆراوجۆر بەرھەم دەهێنرێت، بەشێكی لەسەر باخاكەن دەفرۆشرێت، بەشێكی دیكەی لە ساردخانە و كۆگاكان ھەڵدەگیرێن، بەڵام ئەو سێوە كە بەسێوی پلە سێ ھەژمار دەكرێت و تەنیا بە كەڵكی كارگەكان دێت، بێ كڕیار دەمێنێتەوە، سەرەتا بڕیار بووە حكومەت سێوی باخدارەكانی بكرێت، بەڵام لە بڕیارەكەی پاشگەز دەبێتەوەو ئێستا بازرگانەكان داوای نرخێكی كەم دەكەن و باخدارەكانیش دەڵێن، سێوەكەیان بەفیڕۆ بچێت، لەوە باشترە بەو نرخانە بیفرۆشن.
باخدارەكان و تەنانەت بەرپرسی ناوەندی كشتوكاڵی ورمێش ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەرچی ئەو پارێزگایە بە ناوەندی سێوی ئێران دەناسرێت، بەڵام كەمترین كارگە و ساردخانەی تێدایە، ھەربۆیە ئەو سێوە بە نرخێكی زۆر كەم بۆ بەشەكانی دیكەی ئێران دەنێردرێت، ئاسانكاریش بۆ ھەناردەكردنی ناكرێت.