پارتی هەڵویستی خۆی لەبارەی بردنی دوو کورسی راگەیاند

راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی هەڵویستی خۆی لەبارەی بردنی دوو کورسی راگەیاند
پارتی هەڵویستی خۆی لەبارەی بردنی دوو کورسی راگەیاند

K24 – هەولێر

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق راگەیاند.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە رێکەوتی 10ـی 10ـی 2021 ئەنجامدرا، بە پاکی و دیموکراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو کاتەی بە بڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ماوەی تانە لێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە، بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راشیگه‌یاند، دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پارتیمان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری کۆبوونەوە، دەرکەوت تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی کاندید و دەنگدەران دەکەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتکراویان بۆ بگەڕێتەوە، لەو روانگەیەوە لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان، بە ڕێکاری یاسایی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان لە پێناو دەستەبەرکردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلکارییەکان و، ھەنگاوەکانی داھاتووشمان لە کاتی خۆی دا رادەگەیەنین.

پێشتریش مه‌حمود محه‌مه‌د گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو، دەرکەوتووه‌ دوو کورسی کە ئیستحقاقی یاسایی دوو کاندیدی پارتی بوون، بەتاڵان بردراون.

Fly Erbil Advertisment