گوهدار شێخۆ: بەدرێژایی مانگی رەمەزان بەرنامەی هاوکاریکردنی هەژاران بەردەوام دەبێت

K24 – هەولێر:
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیاریداوە، هەموو ئێوارانی مانگی رەمەزان لە ماڵە هەژارێک بەربانگ بکاتەوە و بەپێی پێداویستی ئەو خێزانە هەژارانەی سەردانیان دەکات، خانوو و دیاری گرانبەهایان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیانیان پێشکەش بکات.
ئەمشەو (24ـی ئادار/مارسی 2023)، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەمانی کردنەوەی بازاڕی شەوانی رەمەزان لە تێرمیناڵی شاری دهۆک کە هاوڕێیەتی پارێزگاری دهۆکی دەکرد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە هاوکاری دەوڵەمەند و خاوەنکارانی سنووری ئیدارەی زاخۆ، بەرنامەی هاوکاریکردنی ماڵە هەژارەکانیان دەستپێکردووە و تاکۆتایی مانگی رەمەزانیش بەردەوام دەبن.
لە دوو رۆژی سەرەتای مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، گوهدار شێخۆ، بەربانگی ئێوارەی لەگەڵ دوو خێزانی هەژاری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردەوە و دواتریش کلیلی دوو یەکەی نیشتەجێبوونی رادەستی ئەو دوو خێزانەکرد.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وێرای جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ئەو کارە، ئاماژەی بە گرنگی گرتنەبەری ئەو هەنگاوە کرد لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بە هەماهەنگی یەکە ئیدارییەکان و دەوڵەمەند و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی هەژاران.