ناوەندێکی ئەمەریکی: وێنەی مانگە دەستکردەکان چالاکیی ئەتۆمی بەرز لە کۆریای باکوور ئاشکرادەکەن
کیم جۆنگ ئون داوای زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە
-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered.gif)
K24 - هەولێر:
North 38، ناوەندێکی ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەبارەی چالاکییەکانی کۆریای باکوور، رایگەیاند، وێنەی مانگە دەستکردەکان ئاستێکی بەرزی چالاکییەکانی کۆمەڵگەی سەرەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور ئاشکرا دەکەن.
ناوەندی North 38 لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات، وێنەی مانگی دەستکردەکان کە لە نێوان رۆژانی 3 بۆ 17ی ئازاردا گیراون، ئاماژە بەوە دەکەن کە دروستکردنی ریاکتۆرێکی ئاوی سووک لە سەنتەری یۆنگبیون "نزیکە لە تەواو بوون".
ریاکتۆری ئاوی سووک، ریاکتۆرێکی وزەیە کە بە ئاوی ئاسایی سارد دەکرێتەوە.
یۆنگبیون، سەنتەرێکی توێژینەوەی زانستی ئەتۆمییە لە کۆریای باکوور و گەورەترین دامەزراوەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەیە.
لە راپۆرتەکەی ناوەندە ئەمەریکیەکەدا هاتووە، وێنەکان ئەوە دەردەخەن، دروستکردنی بینایەک دەستیپێکردووە و دەردانی ئاوی سیستەمی ساردکەرەوەش بینراوە، ئەمانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ریاکتۆرەکە بۆ "کارپێکردنی" ئامادە دەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ریاکتۆرێکی پێنج مێگاواتی لە یۆنگبیون بەردەوامە لە کارکردن و کارەکانی بیناسازی لە دەوروبەری وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە شوێنەکەدا دەستیپێکردووە.
رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا دەشڵێت: پێدەچێت ئەم پێشهاتانە رەنگدانەوەی رێنماییەکەی ئەم دواییەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی مادەی دابەشکراو بۆ بەهێزکردنی جبەخانەی ئەتۆمییەکەی.
میدیای فەرمی حکومەتی کۆریای باکوور رایگەیاندبوو، کیم جۆنگ ئون داوای زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە.
سیئۆل و واشنتن لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە هۆشداریان بە کۆریای باکوور داوە لەسەر تاقیکردنەوەی ئەتۆمی نوێ.