سپیکردنەوەی پارە نرخی خانووبەرە لە عێراق بەرزدەکاتەوە

داوا دەکرێت وردبینی لە سەرچاوەکانیان بکرێت

بەغدا - فۆتۆ: ستار ئەحمەد - کوردستان24
بەغدا - فۆتۆ: ستار ئەحمەد - کوردستان24

K24 - هەولێر

ناوەندی عێراقی بۆ ئابووری سیاسی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی سپیکردنەوەی پارە نرخی خانووبەرە لە بەغدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و داوا دەکات لایەنی نێودەوڵەتی وردبینی لە سەرچاوەکانی داهاتیان بکات.

وسام ئەلحلو، بەڕێوەبەری ناوەندی  ناوەندی عێراقی بۆ ئابووری سیاسی رایگەیاند "لەم سێ ساڵەی دواییدا نرخی کاڵاکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان، بە جۆرێک نرخەکان لە لەندەن و دوبەیش زیاترە، نرخی مەترێک زەوی بۆ زیاتر لە 12 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە".

بەڕێوەبەری ئەو ناوەندە دەشڵێت "بەرزبوونەوە نرخی خانووبەرە هاوکاتە لەگەڵ ئەو گەندەڵییە گەورەی لە عێراق دەکرێت و لە دیارترینیشان دزی سەدە لە دەستەی باج کە زیاتر لە سێ ترلیۆن و نیو دینار دزرا، بەمەش زۆرینەی ئەو پارە دزراوانە لە کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون و ناوچە بازرگانییەکانی بەغدا سپی دەکرێنەوە".

داواش دەکات، حکومەت و دەستەی دەستپاکی و بانکی ناوەندی وردبینی بۆ لە مامەڵەکانی خانووبەرەدا بکەن بەر لەوەی لە فەرمانگەکانی تاپۆدا تۆمار بکرێت.

هاوکات بە پێویستیشی دەزانێت داوای هاوکاری لە کۆمپانیایەکی راوێژکاری یاسایی بیانی بکرێت تاوەکو چاوخشاندنەوە بەسەرجەم گرێبەستەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لەم چەند ساڵەی دواییدا بکات.

Fly Erbil Advertisment