دانیشتووانی قەزای دووزخورماتوو هیوا بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی کوردی دەخوازن
K24 – کەرکوک:
دوای رووداوەکەی 16ــی ئۆکتۆبەر و داگیرگردنی قەزاکەیان، دانیشتوانی قەزای دووزخورماتوو هیوادەخوازن دەسەڵاتی کوردی بگەڕێتەوە شارەکەیان.
لەمیانی بەدواداچوونێکی کوردستان24 بۆ دۆخی ناوچەکە، خاتوون عەلی، دانیشتووی قەزای دووزخورماتوو، بۆ کوردستان24ــی راگەیاند: "پێشتر باوکم بەهۆی کوردبوونەوە لە ناوچەکە دەرکرا، لە دوای رووداوەکەی 16ــی ئۆکتۆبەر کاتێ گەڕاینەوە بینیمان ماڵەکەمان هەمووی تاڵانکراوە".
کامیل رەزا، هاووڵاتییەکی دیکەی قەزای دوزخورماتوو. بە کوردستان24ــی گوت: "خانوومان سووتێندرا و دووکانمان تاڵانکرا، دوای رووداوەکەی 16ــی ئۆکتۆبەر بارودۆخی ژیانمان بەتەواوی شێوا، داواکارین بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی کوردی".
لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە یارمەتی بەشێک لە فەرماندە و سەرکردەکانی لایەنێکی هەرێمی کوردستان، شاری کەرکووکییان داگیرکرد. دوا بە دوای ئەوەش دژایەتیکردنی کورد دەستیپێکرد و دەیان کوردی ناوچەکانی دووزخورماتوو، کەرکووک و دەوروبەری شەهید و دەربەدەرکران.