ئەحمەد نفوس: تاکو ئێستا دووزخورماتوو تەعریب دەکرێت

K24 - هەولێر:
ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی شارۆچکەی دووزخورماتوو، رایدهگهیهنێت، لە دوای رووداوەکەی 16ــی ئۆکتۆبەرەوە تاکو ئێستا تەعریبکردن لە شارۆچکەی دووزخورماتوو بەردەوامە.
ئەحمەد نفوس ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی شارۆچکەی دووزخورماتوو، لە میانهی بەشداریان لە ژوری هەواڵی لە کوردستان24 رایگەیاند، دوای رووداوی 16ــی ئۆکتۆبەرەوە تاکو ئێستا، تەعریبکردن لە شارۆچکەی دووزخورماتوو بەردەوامە.
ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی شارۆچکەی دووزخورماتوو، باسی لەوەشکرد، 100 خانووی کوردنشین لە 16ــی ئۆکتۆبەر روخێنران و ههروهها زیاتر لە هەزار کۆگا، دووکان شوێنە گشتیەکانیشیان تاڵانکران و سوتێندران.
ئەحمەد نفوس، روونیکردەوە، لە ماوەی رابردوودا زۆربەی پۆستە ئهمنی و ئیدارییهكان لە دووزخورماتوو لە دەستی کوردابوون، ئێستا هیچ پۆستێک لە دەستی کوردا نەماوە، لە ماوەی رابردوو ٪60 خەڵکی دووزخورماتوو کورد بوون.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140، ئەحمەد نفوس، گوتی: "ئەگەر مادەی 140 جێبەجێ بكرابا، پێویست بوو لە ساڵی2007 جێبەجێبکرێت، دوای تێپهڕبوونی 16 ساڵ، هیچ پێشهاتێکی دڵخۆشکەر نییە".
هەروەها گوتیشی: "دێهاتەکانی دوروبەری دووزخورماتوو لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە رۆژانە هەڕەشەیان لێدەکرێت ، هەروەها هەر هاوڵاتیەکی کورد کە دەربەدەر کراوە یەک ملیۆن دیناری وەرگرتووە، بەڵام بەرامبەر بەوە هاووڵاتیانی عەرەب سوودمەند بوونە لە قەزاکە و هەر ماڵێکی عهرهب 20 ملیۆن دیناری پێدراوه".
ئاماژەی بەوەشکرد، 840 دۆنم لە خاکی کوردستان لەسەر وەقفی شیعی تاپۆ کرا، ئومێدی دڵخۆشکەر نییە بۆ گهڕانەوەی دەسەڵاتی کوردی بۆ ئەو ناوچەیە.
لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە یارمەتی بەشێک لە فەرماندە و سەرکردەکانی لایەنێکی هەرێمی کوردستان، شاری کەرکووکییان داگیرکرد.
دوا بە دوای ئەوەش دژایەتیکردنی کورد دەستیپێکرد و دەیان کوردی ناوچەکانی دووزخورماتوو، کەرکووک و دەوروبەری شەهید و دەربەدەرکران.