فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق خۆپیشاندانیان کرد

K24 - بەغدا:
بە هۆکاری ئەوەی 350 دۆنم زەوییان بۆ تەرخانکرابوو، بڕیار بوو پێش دوو ساڵ لەسەریان تاپۆ بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانبەران هاتنە سەرشەقام و دەستیان بەخۆپیشاندان کرد و داوای جێبەجێکردنی بڕیاری تاپۆکردنی زەوییەکانیان کرد.
ئەمڕۆ شەممە (29ــی نیسان/ ئێپرێلی 2023)، ئیلاف عەلی، فەرمانبەری دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بە کوردستان24ــی راگەیاند: "لە مانگی ئاداری ساڵی 2021ــەوە 250 دۆنم زەوی واتا دوو هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی عێراق تەرخانکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە هیچ رێکارێک نەگیراوەتەبەر".
هەروەها حوسێن عەلی، فەرمانبەرێکی دیکەی دیوانی چاودێری عێراق، رایگەیاند، نزیکەی 20 ساڵە خزمەتی کارکردنی هەیە لەو دەستەیە و تا ئێستا پارچەیەک زەوی نییە.
فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری عێراق بیستوویانە کە نیازێک هەیە شوێنی زەویەکانیان بکرێتە پرۆژەی وەبەرهێنان، بۆیە دواکەوتن لەدابەشکردنی زەوییەکان گومانیانی لەو نیازە شارەوەیەدا زیاترکردووە.