د. دلۆڤان محەممەد: مەترسیی تای خوێنبەربوون لەوەدایە خێرایە

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت، مەترسیی تای خوێنبەربوون لەوەدایە خێرایە، دەبێ هاووڵاتییان لەو شوێنە دڵنیابن کە گۆشتی لێ دەکڕن.
دلۆڤان محەممەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، نەخۆشی تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی نوێ نییە، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ژمارەی تووشبووان زیادیکردووە و وەکو پەتایەکی بەربڵاوی لێهاتووە، 400 حاڵەتی گومانی لەو شارانە تۆمارکراوە لەو ژمارەیەدا 150 حاڵەتیان بەشێوەیەکی پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاست کراوەتەوە کە تووشی تای خوێنبەربوون بوونە".
گوتیشی: "تائێستا دوو کەس لە سنووری هەولێر تووشی تای خوێنبەربوون بوونە و هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە".
د. دلۆڤان، راشیگەیاند: "مەترسییەکە لەوەدایە نەخۆشی تای خوێنبەربوون خێرایە، زۆربەی حاڵەتەکانی ئەو نەخۆشیە لە چاودێری چڕ چارەسەر وەردەگرن، هەروەها بەشێکی زۆریان گیان لەدەستدەدەن".
ئاماژەی بەوەشدا، چونکە ئەو نەخۆشییە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری، رێکارەکان دەگیرێنەبەر، دەشڵێت: "ئەوەی لەسەر ڤێتەرنەری ئەرکە چارەسەر بۆ ئاژەڵەکان بکات، پێویستە ئەو ئاژەڵانەی لە دەرەوە دێن دەبێ یان کۆنترۆڵ بکرێ یان کەم بکرێتەوە".
روونیکردەوە: "ئەو کەسانەی تووشی تای خوێنبەربوون دەبن زیاتر لە گۆشتی ئاژەڵانەوە تووش دەبن، یان لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵان، دەکرێ لەو کەسانەوە بۆ کەسانی دیکە بگوازرێتەوە بەهۆی بەرکەوتن، بۆیە پێویستە پشکنینی ئەو کەسانە بکرێت کە نزیکن لە تووشبوون".
سەبارەت بە نیشانەکانی تای خوێنبەربوون، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر گوتی: "راستە نەخۆشییەکە ناوی تای خوێنبەربوونە، بەڵام نیشانەکانی بە تا و سک ئێشەیە، خوێن بەربوون لەناو جەستەی مرۆڤ روودەدات، لەم کاتەدا مرۆڤ هەست بەبێ هێزی دەکات و باری تەندروستی تێکدەچێت".
ئەوەشی خستەڕوو، تای خوێنەبەربوون پێویستی بە خۆپارێزی هەیە، لە هەمانکاتدا پێویستە هێنانی ئاژەڵ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان لەبەر چاو بگیرێت.
لەبارەی کڕینی گۆشت لە بازاڕەکان، د. دلۆڤان دەڵێت: "پێویستە هاووڵاتییان لە شوێنێک گۆشت بکڕن کە جێی متمانە بێ، هەروەها دەبێ گۆشفرۆشەکان دەستەوانە لە دەست بکەن".