هەڵدێر محەممەد: کڕینی دەرمان لە رێگەی سۆشیال میدیا جێگای متمانە نییە

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازان لقی هەولێر، رایگەیاند، ئامانجمان لە قەدەغەکردنی فرۆشتنی دەرمان بە شێوەی دلیڤەری بۆ ئەوەیە هاووڵاتیان دڵنیا ببنەوە لە کوالێتی دەرمان، چونکە کڕینی دەرمان لە رێگەی سۆشیال میدیا جێگای متمانە نییە.

هەڵدێر محەممەد، گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازان لقی هەولێر، تایبەت بۆ کوردستان24، رایگەیاند، دەمانەوێت دڵنیاببینەوە لەوەی کە دەرمانێکی سەلامەت بە کوالێتییەکی بەرز بگاتە دەستی نەخۆش، بۆیە فرۆشتن لە رێگەی دلیڤەری قەدەغەکرا.

هەروەها راشیگەیاند، هاووڵاتییان لە رێگەی سۆشیال میدیا ناتوانن دڵنیابنەوە لەو دەرمانەی کە داوای دەکەن و هەروەها ناشتوانن بە شێوەکی زانستی بەکاری بهێنن لە کاتێکدا بەبێ رێنمایی پزیشک بووە.

لەبارەی پابەند نەبوونی دەرمانخانەکان بەو بڕیارەی سەندیکای دەرمانسازان لقی هەولێر، هەڵدێر محەممەد، گوتی: "سەرەتا ئاگەدارکردنەوەیان پێ دەدرێت، ئەگەر پێداگربن و پابەندنەبن، دەدرێنە لیژنەی بەرزەفتە، ئەو کاتە بێگومان سزاکەیان قورس دەبێت".

گوتیشی: "سزاکەی لیژنەی بەرزەفتە، داخستنی دەرمانخانەکەیان بۆ ماوەی حەوت رۆژ، لە ئەگەری دووبارە پابەندنەبوونیان دواتر  ماوەی داخستنەکە دەبێتە 15 رۆژ، دواتریش هێانی دەرمان لەسەر ئەو دەرمانخانەیە رادەگیرێت".

گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازان لقی هەولێر، داواکارە هاووڵاتییان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەرمان داوا نەکەن و هەر لە دەرمانخانەکانی نزیک خۆیان بیکڕن. هەروەها جەختی لەوەکردەوە، پێویستە دەرمانەکان لەژێر چاودێری پزیشک بەکاربهێنرێت و نەکەونە ژێر کاریگەری رێکلام و سۆشیاڵ میدیا.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنی لە نووسراوێکدا لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان لە ئاگاداری گشت دەرمانخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێری کردەوە، کە فرۆشتنی دەرمان بەشێوەی دلیڤەری قەدەغەیە.

لە نووسراوەکەدا، ئاماژە بە هەردوو نووسراوی ئەنجوومەنی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان ژمارە (31) لە (4ـی کانوونی  دووەمی 2022) و گشتاندنی لقی هەولێری سەندیکاکە ژمارە (124) لە (13ـی کانوونی دووەمی 2022) کراوە و ئاماژە بەوەکراوە، "بۆ دواجار هەموو دەرمانخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگاداردەکەینەوەکە کارکردن بە شێوازی دلیڤەری بۆ گەیاندنی دەرمان بە دەستی نەخۆش لە دەرمانخانەکانەوە رێپێدراو نییە و قەدەغەیە".

لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان روونیکردووەتەوە، هەر دەرمانخانەیەک بەو کارە هەڵبستێت، "رووبەڕووی سزا دەبێتەوە و خاوەن مۆڵەتی دەرمانخانەکە دەدرێتە لیژنەی زەبتی ئەنجوومەنی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان".

هاوکات لە نووسراوەکەدا روونکراوەتەوە، مەبەست لە دلیڤەری، فرۆشتنی دەرمانە لە رێگەی تەلەفۆن، ئەپلیکەیشن و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا.

Fly Erbil Advertisment