60 تۆن تووتنی خراپبووی نێرگەلە لە کۆگایەکی هەولێر دەستی بەسەردا گیرا

K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە هەڵمەتێکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و بازرگانی، 60 تۆن تووتنی خراپبووی نێرگەلە لە کۆگایەکدا دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیرا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، توتنەکە لە ساڵی 2021ـەوە بەسەرچووە و بە شێوازێکی زۆر خراپ لە کۆگاکەدا هەڵگیراوە.
موزەفەر سابر، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەم تووتنە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی تیمەکانمان بۆ نێو کۆگاکانی هەولێر و دەروبەری دۆزراوەتەوە و دەستمان بەسەردا گرتووە.
ئاماژەی بەوەدا، ئەم تووتنەی دەستی بەسەردا گیراوە، نزیکەی حەوت هەزار کارتۆنە، کە دەکاتە نزیکەی 60 تۆن، گوتیشی: تووتنەکە لە مانگی ئازاری 2021ـەوە بەسەرچووە.
بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی هەولێر بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، تووتنەکە هێشتا ساغ نەکراوەتەوە و پێش ئەوەی بچێتە نێو بازاڕ دەستی بەسەردا گیراوە.
راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی تووتنەکە بەسەرچووە، پێویستی بە پشکنین نییە و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.