سەباح سوبحی: راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیانی گەورەی بە ئابووری عێراق گەیاندووە

K24 - هەولێر:
ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، "بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کورتهێنان لە بودجەی فیدڕاڵی زیاتر دەکات، هەر ئەمەش وایکردووە زیانێکی گەورە بە ئابووری عێراق بگەیەنێت".
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ژووری هەواڵی کاتژمیر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، عێراق توانای بەرهەمهێنانی نەوتی کەمە و لە فرۆشتنی نەوتیش کێشەی هەیە، هەروەها عێراق ئەگەر چارەسەرێکی بەپەلە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەدۆزێتەوە زیانێکی زۆر دەکات لەوەی لە ئێستادا هەیە.
هەروەها راشیگەیاند، دەبێت چارەسەرێکی بەپەلە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی کورتهێنان لە بودجەی فیدڕاڵی زیاتر نەبێت.
لەبارەی کۆبوونەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ شاندێکی تورکیا کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەی نەوت هاتبوونە عێراق، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، گووتی: "شاندی تورکیا کاتێک هاتنە بەغدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوت کۆبوونەوە هەوڵیاندا خۆیان لە پێدانی قەرەبوو بۆ عێراق بدزنەوە و کۆمەڵێک پاساویان هێنایەوە، هەروەها ئەوان دەیانەوێت ئەو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە نەدەن کە لە سکاڵایەکەی دادگای پاریسدا هاتووە.
گووتیشی: "کەیسێکی دیکەش هەیە لەسەر تورکیا کە بە دڵنیاییەوە ئەمیش دەدۆڕێنێت لە دادگا کە قەرەبووەکەی دەگاتە 4 ملیۆن دۆلار.
سەبارەت بە کۆمپانیای سۆمۆ، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ دەدرێت و بە کورد و مافی کوردە، هەروەها کورد چەندین پۆستی دیکەش لەناو کۆمپانیای سۆمۆ وەردەگرێت.
لەبارەی ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، سەباح سوبحی، گووتی: "عێراق دەستی کردووە بە ناردنی بڕێک لەو بودجەیەی کە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، هەروەها کێشە دروستنەبووە لەسەر ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان".