ئەی نازەکەی نەتالیا پڕ بینەرترین کلیپی نوێی کوردییە

K24 – هەولێر:
نەتالیا سۆران کلیپ و گۆرانییە کوردییەکانی وەک کچێکی کوردی ئەرمەنی پڕ بینەرترین بەرهەمن لە یوتیوبدا.
نەتالیا سۆران، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە دوا کاری هونەری خۆیدا گۆرانییە دوێتەکەی لەگەڵ هونەرمەند ئاراس بە ناونیشانی "ئەی ناز" بڵاوکردەوه، کە گۆرانییەکی شاد و هەڵپەڕکێیە و تێکست و ئاوازەکەشی فۆلکلۆرە و رێناس میران میکس و ماسترینگی بەرهەمەکەی جێبەجێ کردووە و گرووپی هەڵپەڕکێی زۆزانیش لەم بەرهەمە هونەرییەی نەتالیادا بە هەڵپەڕکێ کوردەوارییەکانیان تێیدا بەشدارن و لە وڵاتی ئەڵمانیاش ڤیدیۆ کلیپەکەی وێنەگرتووە و تا ئێستاش پەنجا هەزار بینەری تێپەڕاندووە و رۆژانەش ژمارەکە ڕوو لە زیادبوونە.
نەتالیا سۆران لە کوردستان24ـەوە سوپاسی خۆی دەگەیەنێتە جەماوەری هونەردۆستی چوار پارچەی کوردستان، کە بە سەردانیکردنیان بۆ چەناڵەکەی توانی لە هەفتەیەکدا ژمارەیەکی پێوانەی تۆمار بکات لە بینینی گۆرانیە نوێیەکەی و دەشڵێت: "پشتیوانی ئەم خەڵکە هونەر دۆستەی کوردستان وام لێدەکات بەردەوام بم لە کار و بەرهەمی نوێ".
نەتالیا سۆران، ئەمساڵ دوو کلیپی بڵاوکردووەتەوە لەژێر ناوەکانی باڤێ من و نەورۆز، کە هەردووکیان توانیویانە جێگەی خۆیان لە دڵی هەوادارانی ئەو هونەرمەندە بکەنەوە و گۆرانی ئەی نازیش ئێستا پڕ بینەرترین کلیپی ئەو هونەرمەندەیە لە سۆشیال میدیادا.