جووتیارانی کەرکووک لە بەرهەمی شووتی ئەمساڵ رازی نین

K24 - کەرکووک
لە %75ی بەرهەمی شووتی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای کەرکووک خراپ بوو، جووتیاران دەڵێن: کەشوهەوا هۆکارە، بەو هۆیەشەوە بارێک شووتی کە نزیکەی پێنج تۆنە بە کەمتر لە 400 هەزار دینار دەفرۆشرێت، جگە لە کێشەی رێگەوبانەکان و باج و سەرانەی بازگەکان، کە بووەتە هۆکاری بێزاری و وازهێنانی بەشێک لە جووتیاران لە کاری کشتوکاڵی.
جووتیارێکی بە رەگەز عەرەبی سنووری کەرکووک بەناوی سەڵاح محەممەد، کە زەوییەکەی بەکرێ لە جووتیارێکی کورد وەرگرتووە، ئاماژە بەوەکرد، کەشی فێنکی ئەمساڵ بە دڵی جووتیاران نەبوو، بەهۆی نزمی پلەکانی گەرما بەرهەمی ئەمساڵی شووتی بە فیڕۆچوو.
ئەو جووتیارە دەشڵیت: "ئەمساڵ تەنیا سەدا 25ی بەرهەمی شووتی باش بوو، ئەوەی دیکەی هەموو خراپبوو کە جووتیاران زیانیان بەرکەوت، هۆکارەکەشی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە".
شوتی بەرووبوومێکی هاوینەیە و پێویستی بە پلەی گەرمای بەرز هەیە، بەهۆی سوودەکانی تەندروستیی خواستی زۆری لەسەرە.
شووتی رێژەیەكی زۆر لە ماددە خۆراكییە بە سوودەكانی تێدایە بۆ لەشی مرۆڤ، کە %85 ی ئاوە، %10 شەكرە و پڕۆتین و رێژەیەكی كەم لە چەورییەكانی و ڤیتامینەکانی ئەی و سی و بی تێدایە.
نزیکەی 1200 جۆری شووتی لە جیهاندا بوونیان هەیە، لەم دواییە شووتی چوارگۆشە و بێ ناوک و ناوزەرد و چەندین جۆری دیکە دەرکەوتوون، ئەگەرچی ئەمساڵ بەرهەمی شووتی باش نەبوو، بەڵام بەپێی پۆلین کردن بێت باشترین و بەتامترین جۆری شووتی لە عێراق و هەرێمی کوردستانە.