کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی - 30/7/2023- سلێمانی
کۆبوونەوەی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی - 30/7/2023- سلێمانی

K24 – سلێمانی

کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە دەباشان و لەلایەن شاندی یەکێتییەوە پێشوازیان لێکرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی شاندی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەستیپێکردووە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتی.

ئەمە لەکاتێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاندبوو، سەرۆکی هەرێم لەبارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان دەست بە گفتوگۆ دەکات.

پێشتر کوردستان24 بڵاوی کردبووەوە، 25ی شوباتی 2024، پێشنیازکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

 

Fly Erbil Advertisment