قایمقامی ناوەندی هەولێر هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەخاتەڕوو

وێستگەیەکی بەنزین
وێستگەیەکی بەنزین

K24 - هەولێر:

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ زۆری خواست لەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە رۆژانە زیاتر لە نیو ملیۆن لیتر بەنزینی کار و لاناز بە نرخی کەمتر لە هەولێر دابەش دەکرێت.

قایمقامی ناوەندی هەولێر ئاشکرایکرد، کە پێشتر حکومەتی فیدراڵ رۆژانە پێنج تەنکەر بەنزینی دەنارد، گوتیشی: هەرچەند بڕەکەی کەم بوو، بەڵام لە پڕکردنەوەی پێداویستی سوتەمەنی یارمەتیدەر بوو، ئێستاش نزیکەی 20 رۆژە ئەو بڕە نانێرێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین هەبووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا داواکارییەکی دیکە هەیە کە هەندێک بازرگانی سووتەمەنی، بەنزین لە شارەکانی دیکەی عێراق یان شوێنی دیکە بەنزین بێننە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە، بۆ ئەوەی رەزامەندی بدرێت بەو بازرگانانە، بەڵام بە جۆرێک کە کاریگەری نەبێت لەسەر دابەزینی کوالیتی بەنزین".

نەبەز عەبدولەحەمید روونیشیکردەوە، ئێستا رۆژانە 560 هەزار لیتر بەنزین لەرێگەی 16 تانکەری کار و لانازەوە لە هەولێر، بەنرخێکی کەمتر دابەش دەکرێت.

راشیگەیاند، هەر بەنزینخانەیەک بەنزینەکەی بەپێی ئەو ستانداردە نەبێت کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دایناوە، رێکاری یاسایی لەگەڵی دەگیرێتە بە، ئەوانەشی سەرپێچیان کردووە، هەفتانە ناوەکانیان بڵاودەکرێتەوە.

نەبەز عەبدولحەمید لەبارەی بەنزینەوە گوتی: ئێمە دوو ئامانجمان هەیە، یەکیان کوالێتی باش و ئەوی دیکە دابەزاندن و جێگیربوونی نرخی بەنزین.

Fly Erbil Advertisment