سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لیژنەیەک بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پرۆژە لە خورماڵ رادەسپێرێت

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لیژنەیەکی تایبەت رادەسپێرێت بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پرۆژە لە خورماڵ و جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری هاووڵاتییانی خورماڵ.
رۆژی یەکشەممە (30ـی تەمموزی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای راسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ بە قەزاکردنی خورماڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لیژنەیەکی تایبەت رادەسپێرێت بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پرۆژە لە خورماڵ و جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری هاووڵاتییانی خورماڵ.
پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی دانیشتوانی خۆشەویستی ناحیەی خورماڵ لە رێی کەمپەین و داواکارییەکانیان، داوای بەقەزاکردنی ناحیەکەیان بەرزکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن و ئامادەکارییەکان بۆ هێنانە کایەوەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە (31ـی تەمموزی 2023)ـەوە وەزارەتی ناوخۆ رێکارە کارگێڕییەکان و هەنگاوی کرداری هێنانەکایەوەی قەزای خورماڵ دەست پێدەکات.
خورماڵ دەکەوێتە باکووری پارێزگای هەڵەبجە و 10 کیلۆمەتر لە ناوەدنی ئەو پارێزگایەوە دوورە و دەیان گوند لەخۆ دەگرێت، هەروەها 70 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە دوورە، زنجیرە چیاکانی هەورامانیش لەخۆ دەگرێت کە چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران رووی لێدەکەن بەهۆی جوانی سرووشت و کەشوهەواکەیەوە.
ژمارەی دانیشتوانی خورماڵ دەگاتە 21 هەزار کەس و لە 46 گوند پێکھاتووە جگەلە خورماڵ وەک ناوەندی ناحیەکە کە دەبێتە ناوەندی قەزای خورماڵیش کە بریتیین لە (حەمەفەرەج، رۆستەم بەگ، ئەحمەدئاوا، ئێڵانپێ، بانی بنۆک، بانی شار، بەردەبەل، تازەدێ، تەپوڕێزینە، تەپوسەرقوڵە، توپوکوڕە، تەپی سەفای خواروو، تەپی سەفای سەروو، تەکیە، چنارە، خێڵی حەمە، دەرەشیشی خواروو، دەرەشیشی سەروو، دەرە گوڵان، دێکۆن، رێشین، زەڵم، سەرکەن، شەشکی خواروو، شەشکی سەروو، شەکرەڵایی، شیرەنەڕ، عاموورە، قاجر، قەڵبەزە، قووڵ خورد، کانی ئاسکان، کێشە دەرێ، کۆڵکنی ئیسماعیل خەسرەو، کۆڵکنی حەمەسوور، کۆڵکنی فەقێ کەرەم، گردی قازی، گەرجێنەی بانی بنۆک، گوڵەخانە، گۆمەلار، گێلەک، مەلاوەیسە، ناوباخان، نەوێ و هانەو قوڵی).
هەروەها خورماڵ خاوەنی چەندین شوێنەواری مێژووییە، لەوانەش قەڵای خان ئەحمەدی خان کە ناسراوە بە قەڵای زەڵم، لەگەڵ شورای كۆنی قەڵای خورماڵ كە هەردوو شوێنەوارەکە مێژووەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ساسانییەكان و پێش هاتنی ئایینی ئیسلام. هاوکات مزگەوت و مناری مزگەوتی گەورەی خورماڵ كە مێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ناوچەکە. جگەلەوەی خورماڵی کۆن کە ئێستا یەکێکە لە گەڕەکەکانی خورماڵ، بە کۆنترین ناوچەی خورماڵ دادەنرێت.