شێرکۆ کەریم لە یانەی هەولێر دەمێنێتەوە

شێرکۆ کەریم لە یانەی هەولێر دەمێنێتەوە و گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24، شێرکۆ کەریم گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێ دەکاتەوە و لە یانەکەی قەڵاومنارە دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر لە ستۆری ئینستاگرام لە هەژماری خۆی ماڵئاوایی لە یانەی هەولێر کردبوو، بەڵام دواتر ستۆرییەکەی سڕییەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی هەولێر لە یەکەم هەنگاویدا ئۆفەرێکی بە بڕی 250 ملیۆن دینار پێشکەشی شێرکۆ کردبوو، ئەمڕۆ ئۆفەرەکەیان بۆ 300 ملیۆن دینار بەرزکردبووەوە، بەڵام شێرکۆ بەو بڕە پارەیە رازی نەبووە و بڕیاریدابوو لە یانەکە بڕوات کە قوە جەوییە ئامادەیی دەربڕیبوو 400 ملیۆن دیناری پێبدات.
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتی بە کوردستان24ـی راگەیاند:'شێرکۆ کەریم لە یانەی هەولێر دەمێنێتەوە و لەبارەی گرێبەستەکەی گەیشتینە رێککەوتن و بەو بڕە پارەیەی دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێ دەکرێتەوە'.
شێرکۆ کەریم سەرەتای ئەمساڵ دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ کوەیتی کوەیتی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هەولێر کرد، کە ئێستا بۆ بەسەربردنی پشووەکانی لە سویسڕایە.
