ئەمڕۆ هاکان فیدان دەگاتە بەغدا و سەردانی هەولێریش دەکات

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا | وێنە: AA
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا | وێنە: AA

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا، لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە عێراق و بۆ ماوەی دوو رۆژ دەمێنێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ عێراق ئەوەی خستووەڕوو: "لە نێوان 22ـی ئاب بۆ 24ـی ئاب، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان لەسەر ئاستی باڵا لە بەغدا و هەولێر گفتوگۆ ئەنجامدەدات؛ لەسەر بنەمای کارنامەیەکی ئەرێنی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق لەهەموو بوارەکاندا پەرەپێدەدرێن، باس لە دەرفەتە گونجاوەکان دەکرێن و ڕووداو و پێشهاتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ دەکرێن.

"پرسی ئاو و بەشەئاوی عێراق یەکێکە لەو دۆسیانەی لەسەر مێزی گفتوگۆکان دەبێت"

رۆژی یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاکان فیدان و بەرپرسانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دەکەن، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی پرسی ئەمنی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەکەن و پێداچوونەوەش بە گرنگترین دەرفەتە هاوبەشەکاندا دەکرێت.

هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، پرسی ئاو و بەشەئاوی عێراق یەکێکە لەو دۆسیانەی لەسەر مێزی گفتوگۆکان دەبێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا، وەزارەتی دەرەوە و تەواوی لایەنەکانی دیکە رۆڵی خۆیان لەم پرسەدا دەبینن و بە قوڵی رۆشنایی دەخرێتە سەر ئەم بابەتە.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی پێ دا، هەمیشە سەرکۆنەی ئەو کردەوە تاکلایەنانەیان کردووە کە دەبنە "مایەی زیانی مرۆیی و ماددی و شکۆی عێراق دەکەنە ئامانج و ئەم پرسەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێ دەکرێت".

"هاکان فیدان لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە"

رۆژی یەکشەممە 20ـی ئابی 2023، پێشه‌وا هەورامی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگەیاندبوو: "لەم هەفتەیەدا بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەولێر لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە".

Fly Erbil Advertisment