سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە هاکان فیدان کرد
سەردانی هاکان فیدان بۆ هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هاکان فیدان دەستیپێکرد. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری وزەی تورکیاش بەشدارە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد و دواتر کۆبوونەوەی نێوانیان دەستیپێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیاش بەشدارە، کە بەیانی ئەمڕۆ بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان 'بە وەکالەت' و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێ کرا.
.jpeg)
پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەندین پرسی دیکەی پەیوەست بە هەردوولا تاوتوێدەکرێن.
.jpeg)
ئەم سەردانەی هاکان فیدان بۆ هەولێر وەک ئامادەکارییەکە بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. دوێنێ چوارشەممە هاکان فیدان بە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقی راگەیاند، "ئەردۆغان سوورە لەسەر سەردانیکردنی عێراق".
وابڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ سەڵاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و نوێنەرانی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
بەیانی ئەمڕۆش، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا درەنگای شەوی رابردوو گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەفی دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێ کرا.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هاکان فیدان لە بەغدا لەگەڵ هەر یەکە لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومی و حزبی کۆبووەوە.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا
تورکیا یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا لە ڕێگەی بۆریی نەوتی ئەو وڵاتەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، بەڵام له 25ی ئاداری رابردووهوه تا ئێستا ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی بهندهری جهیهانی توركیا وهستاوه.
لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بوارە جیاجیاکاندا پەرەی سەندووە و بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە هەزار و 500 کۆمپانیای بازرگانی تورکی لە هەرێمی کوردستان، لە بوارە جیاوازەکاندا کاردەکەن.
تا ئێستا چەندین جار سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بۆنە جیاوازەکاندا سەردانی تورکیایان کردووە و لەلایەن سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکراوە. لە کاتی سەردانی هەر بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، ئاڵای کوردستان لە تەنیشت ئاڵاکانی تورکیا و عێراق دادەندرێت.
ساڵی 2013 سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی شاری دیاربەکری باکووری کوردستان کرد و لەوێش لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا پێداچوونەوەیان بە پلانی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا کرد.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا لە ساڵی 2011 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی باڵای هەرێمی کوردستان کردەوە.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2007 گەیشتە یەک ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلار، ئەم ژمارەیەش لە ساڵی 2022 بۆ زیاتر لە 15 ملیار دۆلار زیادی کرد.
تورکیا خاڵی بەستنەوەی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەوروپایە و بۆ هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی لە ڕوانگەی بازرگانییەوە.
بەهۆی پێگەی جیۆپۆلەتیکی و پێگەی هەرێمی کوردستان لە نەخشەی وزەی جیهاندا، تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکە پەرەپێبدات.