سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەسەر رێگریکردن لە کوردستان24 لەلایەن نەوەی نوێوە هاتەدەنگ

لۆگۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و کوردستان24
لۆگۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و کوردستان24

K24 – هەولێر:

لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی رێگریکردن لە تیمی کوردستان24 و ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی دیکە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رەفتاری نووسینگەی شاسوار عەبدولواحیدی بە نائیتیکی و دوور لە پرنسیپەکانی کاری میدیا وەسفکردووە.

رۆژی شەممە (26ـی ئابی 2023)، لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر پەیامنێر و کامێرامانەکانی چەند کەناڵێک کرا و گرووپێک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیەکەی نەوەی نوێ نەیانھێشت چەند تیمێک رووماڵی کۆنگرەکەیان بکەن، ئەم کارە بووە مایەی نیگەرانی ھەمووان".

هەروەها جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، جیاکاریی و جیاکردنەوەی کەناڵەکان لەسەر بنەمای بیری سیاسی و بۆچوونی جیاواز، رەفتارێکی نائیتیکی و دوورە لە پرنسیپەکانی کاری میدیاوە، لە کاتێکدا بانگھێشتی سەرجەم کەناڵەکان دەکرێت بۆ رووماڵ، نابێت لەوێدا چەند کەناڵێک لەناو ھەموو کەناڵەکاندا رێگرییان لێبکرێت.

لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان راشیگەیاندووە، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا نەدەبوو رووبدات و ھیوادارین بنەمای سیاسی نەبێتە پێوەر بۆ رێگەدان بە رووماڵی ھەواڵ و بابەتە میدیاییەکان.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 26ـی ئابی 2023، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، داوای لە کەناڵەکانی راگەیاندن و لەنێویاندا کوردستان24 کرد، کاتژمێر 03:00ـی ئێوارە، لە ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەکە ئامادەبن بۆ گواستنەوەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی شاسوار عەبدولواحید.

ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، لە کاتی خۆیدا لە ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەی نەوەی ئامادەبوو، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ بیانوویەک هەبێت، رێگرییان لێ کرد بچێتە نێو ئەو هۆڵەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی تێدا دەبەسترا.

ئەمە لە کاتێکدایە شاسوار عەبدولواحید بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات، کە دەبێت ئازادی رادەربڕین هەبێت، بەڵام لای ئەو پێچەوانەکەی بینرا.

کوردستان24 بەردەوام هەوڵی داوە دەنگ و رەنگی لایەنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە، بەڵام ئەمە چەندین جارە رێگری لێ دەکرێت.

هەروەها رێکخراوی پەیامنێران لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمرۆ لەکاتی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ، رێگری لە تیمی کوردستان24 و ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی دیکە کرا، ئەمەش دوای ئاگادارکردنەوەی دەزگاکانی راگەیاندن هاتووە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ بۆ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی شاسوار عەبدولواحید.

هاوکات رێکخراوی پەیامنێران ئەو رێگریکردنە بە پێشێلکردنی کاری رۆژنامەوانیی دادەنێت و داواش لە سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ بەدواداچوون لەسەر ئەو پێشێلکاریە بکات، چونکە خۆی هەمیشە بانگەشەی ئازادی رادەربڕین و میدیای ئازاد دەکات.

Fly Erbil Advertisment