داواکاری گشتی فەرەنسا ملیاردێرێکی رووسی بە سپیکردنەوەی پارە تۆمەتبار دەکات

K24 - هەولێر
داواکاری گشتی دارایی فەرەنسا، ملیاردێری رووسی، ئەلێکسی کوزمیچێڤی تۆمەتبار کرد، بە ساختەکاری باج لە فەرەنسا، کوزمیچێڤ کە نزیکە لە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، خراوەتە ژێر چاودێری دادوەرییەوە و دەرچوونی لە وڵاتەکەی لێ قەدەغە کراوە.
رۆژی چوارشەممە، داواکاری گشتی دارایی فەرەنسا ئەو ملیاردێرە رووسیەی تۆمەتبارکرد بەوەی ساختەکاری لە باجدا کردووە، هەروەها رووبەڕووی تۆمەتی شاردنەوەی کارکردن لەگەڵ گروپێکی تاوانکاری رێکخراو بووەتەوە بە گومانی سپیکردنەوەی پارە.
"کوزمیچێڤ"یش سیولەکی گەرەنتی دارایی بە بەهای هەشت ملیۆن یۆرۆ پێشکەش کردووە، بەڵام پارێزەرەکەی ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر دۆسیەکە بدات.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، کوزمیچێڤ تەمەن 61 ساڵ، لە هاوینەهەواری سانت ترۆپێز لە ریڤێرای فەرەنسی دەستگیرکراوە.
بەپێی سەرچاوەکان، پۆلیس هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند شوێنێک کە پەیوەندییان بەو بازرگانە هەیە، لەوانە ماڵەکانی لە پاریس و سانت ترۆپێز، کوزمیچێڤ یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گروپی ئەلفا، هەروەها کەوتۆتە ژێر سزاکانی یەکێتی ئەوروپا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی یەکێتی ئەوروپا، بانکی ئەلفا کە کوزمیچێڤ خاوەنی پشکێکی گەورەیە، یەکێکە لە گەورەترین باجدەرەکانی رووسیا و خودی بازرگانەکەش لەنێو کاریگەرترین کەسایەتیەکانی رووسیادایە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیادا هەیە.
سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی ئاشکراکردووە، لە مانگی ئاداری ساڵی 2022دا دەسەڵاتداران دەستیان بەسەر دوو یەختدا گرتووە، بە بەهای زیاتر لە پێنج ملیۆن یۆرۆ، کە کوزمیچێڤ خاوەنیان بووە.
ئەو ملیاردێرە رووسییە دەڵێت: پەیوەندی خێزانی لە فەرەنسا هەیە، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەکە، ئەو ملیاردێرە داوای کردووە ئەوروپا سزاکانی سەری هەڵبگرێت.